واشنتۆن
گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆش ئەرنەست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێكی لەبارەی ئەوە دایهوه کە ھێشتا ٤٩ ھاووڵاتی تورکیا لە دەست تیرۆریستانی داعشدا بەدیلگیراوان ئایا ئەم پرسە دەبێتە ھۆی رێگریکردن لە بەشداربوونی تورکیا لە ھاوپەیمانی دژی داعشدا؟ له وهڵامدا گوتی: "بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت باشترین رێگە بۆ ھاوکاریکردن یا بەشداریکردن لەو ھاوپەیمانییە بدۆزێتەوە، تەنیا خۆی دەتوانێت بڕیار بدات و لە بارەی پرسی بەدیلگیراوەکانیشدا پێویستە بەپەلە ئەو بهدیلگیراوانە ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە نێو ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم ئەوەیە کە سەرکەوتنی ستراتیژیەتی سەرۆک ئۆباما لە دژی داعش سوودی زۆری بۆ تورکیا دەبێت."
ئەرنەست ههروهها گوتی: "سەرکەوتنی ئەو ستراتیژیەتەی دژی داعش، سوودی زۆریشی بۆ وڵاتە سوننەکانی ناوچەکە دەبێ بۆیە بۆ ئەوەی بتوانرێ سەرچاوە و ئیمکانیاتی ئەو دەوڵەتە ھەرێمییانە بۆ شەڕی دژی داعش بەکار بھێنرێت، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا لە ھەوڵی فراواندان. ھاوکات سەرۆک ئۆباما حەفتەی رابردوو لە میانهی لوتکەی هاوپهیمانی ناتۆ لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا لەو بارەوە گفتوگۆی کردووە."
لە لایەکی دیکە ماریا ھارف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێک کە بۆ چی تورکیا راگەیهنراوی کۆنگرەی جدەی ئیمزا نەکرد؟ گوتی: "بێگۆمان ھەر وڵاتێک لە بارەی رۆڵی خۆی لە داھاتوودا گفتوگۆ دەکات، لە شەڕی دژی تیرۆر تورکیا ھاوپەیمانێکی زۆر گرنگە و راوێژ و ھەماھەنگییەکانمان لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێت بۆیە ھەر وڵاتێک بۆ خۆی دەزانێ کە بڕیار لەسەر چی بدا و چی ئیمزا بکا یا نەیکات. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لە شەڕی دژە تیرۆردا تورکیا ھاوپەیمانێکی زۆر نزیکە."