مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێت كورد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنێت گرنگه عێراق پاڵپشتیی بكات و ئێران و توركیاش دژی نه‌وه‌ستنه‌وه.
مه‌حمود عوسمان كه به دكتۆر بانگ ده‌كرێت له‌م ههفپهیڤینهیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له ئێستا و دوای قۆناغی داعش ده‌كات.
- "عێراق دابه‌شكراوه، نه‌ده‌بوو چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌كان بۆ قۆناغی دوای داعش دواخرابا"
ئاژانسی ئانادۆڵو: عێراقی دوای داعش به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ خوێندنه‌وه‌تان چییه؟
مه‌حمود عوسمان: "به بۆچوونی من دوای گرتنه‌وه‌ی مووسڵیش داعش هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵام به‌لاوازی و كه‌متر، لێره و له‌وێ چه‌ند چه‌كدارێكی هه‌ر ده‌مێنێت و كار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه بیر و باوه‌ڕێكه، ئه‌گه‌رچی خراپه، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س هه‌ن باوه‌ڕیان پێیه، مه‌ترسی داعش هه‌ر ده‌مێنێت، به‌ڵام زۆر كه‌متر ده‌بێته‌وه، چونكه بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییان نامێنێت، مووسڵ و رققه نامێنێت، به‌ڵام دوای كۆتایی شه‌ڕه‌كه ده‌مێنێته‌وه، هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر كێشه‌كانییان چۆن گفتوگۆ ده‌كه‌ن و رێكده‌كه‌ون، چونكه تا ئێستا هیچ گفتوگۆییان نه‌كردووه و له‌سه‌ر هیچ رێكنه‌كه‌وتوون، هه‌موو مهسهلهكانییان بۆ دوای داعش دواخستووه، به بۆچوونی من ئه‌مه هه‌ڵه‌یه و ده‌بوو زووتر قسه له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه بكه‌ن و رێكبكه‌ون، ده‌یانتوانی پێش شه‌ڕی مووسڵ هه‌ندێک شت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها پێش كۆتایی داعش‌یش هه‌ندێک شت یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، مه‌رج نییه هه‌موو شت بۆ دوای داعش دوابخرێت، بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و پاره، مه‌سه‌له‌ی بوودجه و رێككه‌وتن له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان ده‌یانتوانی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، دوای داعش كێشه‌ی گه‌وره دێته پێشه‌وه كه له پێشه‌وه‌یان مه‌سه‌له‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كانه كه لای ئێمه ناوچه‌ی كوردستانیین، ئایا ئه‌و ناوچانه چۆن دێنه‌وه سه‌ر هه‌رێم، مادده‌ی 140 چۆن جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ ریفراندۆم چۆن ئه‌نجام ده‌درێت؟ ئه‌م پرسه ده‌بێته كێشه‌ی گه‌وره‌ی دوای داعش، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كرد و گوتی 'وا ده‌كه‌ن ئه‌و ناوچانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره بیانكه‌ن به ناوچه‌ی رێككه‌وتوو له‌سه‌ر'، واته نایانه‌وێت ئه‌و ناوچانه بخرێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌ك بێت هه‌ردوولا رێك بن له‌نێویدا، هه‌ندێک پێیان وایه ئه‌و لێدوانه باشه، به‌ڵام له راستییدا ئه‌وه لێدوانە ده‌ریده‌خات نایانه‌وێت ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ئه‌م كێشه‌یه گه‌وره‌ترین كێشه‌یه، جگه له‌وه كێشه‌ی تریش ده‌بێت له‌وانه كێشه‌ی نه‌وت، كێشه‌ی تریش، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه گفتوگۆیه‌كی جددی ده‌ست پێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و چی چاره‌سه‌ر نابێت، له راستییدا كێشه‌كه‌مان ئه‌وه نییه له‌گه‌ڵ عه‌بادی چی ده‌كه‌ین، كێشه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه ئێمه لێره یه‌كگرتوو نیین، ئه‌گه‌ر حزبه‌كان یه‌كگرتووبن قورساییه‌كیان ده‌بێت و ده‌توانن له‌گه‌ڵ به‌غدا شتێک به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو ئێستا ناكۆكییان هه‌بێت و لاواز دبن ئه‌وا زانراوە ناتوانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت دوای داعش عێراق ئه‌گه‌ری زۆره هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، پێشبینی ئه‌مه ده‌كه‌یت؟
مه‌حمود عوسمان: "دوای شه‌ڕی داعش بڕوا ناكه‌م عێراقێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز ببینین كه هه‌موو پێكهاته‌كان تێیدا هه‌ماهه‌نگ و پێكه‌وه و رازی بن، به بۆچوونی من دوای شه‌ڕی داعش شیعه‌كان خۆیان بهبههێزتر ده‌زانن و حوكمڕانی مه‌ركه‌زیش له‌لای ئه‌وانه، بۆیه مه‌ركه‌زییه‌ت زیاتر ده‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه سوننه به‌مه رازی نابێت و دوای داعش كێشه‌ی زۆریان ده‌بێت، چونكه داعش زه‌ره‌رێكی زۆری لێ داون، شیعه‌ش له‌گه‌ڵیاندا رێک نیین و ناكۆكییان هه‌یه، بۆیه لێره كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێت، له‌گه‌ڵ كوردیش تا چی راده‌یه‌ك ده‌چنه پێشه‌وه، ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به گفتوگۆكانه‌وه و یه‌كگرتووی كورد خۆیه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها گرنگه بزانیین ئێران سیاسه‌تی چی ده‌بێت؟، چونكه ئێران و به‌غدا یه‌ك سیاسه‌تن".
من بۆخۆم پێشبینی ناكه‌م عێراقێكی وا دروست ببێت كه هه‌موو رێک بن و لێكتێبگهن و بێ كێشه بن و ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت، له‌نێوان پێكهاته‌كان كێشه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه كه به گفتوگۆ چه‌ندی چاره‌سه‌ر بكرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: واته عێراق دابه‌ش ده‌بێت؟
مه‌حمود عوسمان: "ئێستا عێراق دابه‌شكراوه، ئێستا كورد، سوننه، شیعه، هه‌ریه‌ک ناوچه‌ی خۆیان هه‌یه، هه‌ریه‌كه و به‌جۆرێک و به ئیداره و عه‌قڵییه‌تێك كارده‌كات، به‌ڵام دان به‌و دابه‌شكردنه نه‌نراوه، به‌پێی یاساكانی دونیا و وڵاتانی جیهان عێراق یه‌كگرتووه، به‌ڵام له راستییدا سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تێدایه و جیاوازیی ناوچه‌كان به‌پێی پێكهاته‌كان هه‌یه، ئایا ئه‌و دابه‌شبوونه ده‌بێته واقیع و هه‌ریه‌ک بۆخۆی ده‌وڵه‌ت یان هه‌رێمی هه‌بێت، ئه‌وه تاراده‌یه‌كی زۆر پشت به خۆیان ده‌به‌ستێت و به وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی گه‌وره، ئایا بۆ نموونه ئه‌و وڵاته گه‌ورانه رازی ده‌بن كه كورد ده‌وڵه‌تی هه‌بێت؟، یان سوننه بۆ نموونه سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت؟، ئه‌مه دیارنییه به‌پێی سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانه، ئیدی ئێران هه‌یه، توركیا هه‌یه، روسیا هه‌یه، ئه‌مریكا هه‌یه، ئه‌ورووپا هه‌یه، به‌ڵام یه‌ک شت هه‌یه ئه‌گه‌ر بتوانن ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ن شتی زۆر باشی تێدایه، هه‌ر خودی ده‌ستوور بواری داوه هه‌رێم هه‌بێت، سیسته‌می لامه‌ركه‌زی و فیدڕاڵی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ ببێت ره‌نگه زۆر لایه‌نی پێ رازی ببێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته، چونكه ئه‌وه 12 ساڵه وه‌كو پێویست جێبه‌جێ نه‌بووه".
- "بۆ سه‌ربه‌خۆیی گرنگه عێراق پاڵپشتی بكات، ئێران و توركیاش دژی نه‌بن "
ئاژانسی ئانادۆڵو: چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر عه‌بادی له سلێمانییه‌وه گوتی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ین به‌ناوچه‌ی رێككه‌وتوو له‌سه‌ر، ئه‌مه پاشكهكشه نییه له هه‌ڵوێسته‌كانی به‌غدا؟
مه‌حمود عوسمان: "نه‌خێر ئه‌مه پاشه‌كشه‌ی به‌غدا نییه له سیاسه‌ته‌كانی، به‌ڵكو جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌و سیاسه‌تانه‌یان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه ناكۆكیی له‌نێوان پێكهاته‌كان نه‌بێت، كورد و توركمان و عه‌ره‌ب بۆ نموونه شه‌ڕ نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه ئه‌وه‌یه دان به‌وه‌دا نانێت كه ئه‌و ناوچانه به‌شێكن له ھەرێمی كوردستان، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌شی نه‌كرد كه مادده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كورد دوای داعش ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت؟
مه‌حمود عوسمان: "به بۆچوونی من هه‌موو كوردێک ده‌یه‌وێت مافی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات و ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی گرنگه و شتێكی تره، دوو خاڵی گرنگ له‌م پرسه هه‌یه، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌كوردیشه‌وه ده‌ڵێن ده‌بێت به گفتوگۆ ببێت، جارێك گفتوگۆ له‌وباره‌یه‌وه نه‌كراوه، نازانیین ئایا به‌غدا رازی ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بین؟ یان نا؟. دووه‌م ئایا ئێران و توركیا رازی ده‌بن؟، چونكه ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه زیانی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان هه‌یه، ئایا كورد ده‌توانێت باوه‌ڕیان پێ بهێنێت كه نه‌خێر ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه زیانی بۆ ئه‌وان نابێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت دژی نه‌بن نه‌ك رازی بن، هه‌روه‌ها وڵاتانی دیكه‌ش ئه‌مریكا و روسیا و ئه‌وروپا تاچه‌ند دانی پێدا ده‌نێین، بۆیه پێموایه سه‌ربه‌خۆیی مافێكی ره‌وای خۆمانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جددی بین بۆی نابێت زۆر باسی بكه‌ین، چونكه له زۆر باسكردن ئێران دێته سه‌ر خه‌ت و ده‌ڵێت تۆ ئیسرائیلی دووه‌می، توركیا دێته سه‌ر خه‌ت و باس له یه‌كگرتووی عێراق ده‌كات، بۆیه خه‌ڵک له‌خۆت هار ئه‌كه‌ی، خه‌ڵك له‌خۆت ده‌هێنیته سه‌ر خه‌ت و ناهێڵێت جێبه‌جێی بكه‌یت و تێكی ده‌ده‌ن، به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێت ده‌بێت هه‌وڵی بۆ بده‌ین، یه‌كگرتوو بین، له ده‌ره‌وه لۆبی بۆ بكه‌ین، به‌ڵام زۆر باسی نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر زۆر باسی بكه‌یت و ئیشی بۆ نه‌كه‌یت زه‌ره‌رت لێ ده‌دات و ناهێڵیت جێبه‌جێ بكرێت".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و یه‌كگرتووی و لۆبییه‌ی باسی ده‌كه‌ی كراوه؟
مه‌حمود عوسمان: "نه‌خێر من و كه‌سیش یه‌كگرتوویی لێره نابینین، له ده‌ره‌وه‌ش پێكه‌وه لۆبی نه‌كراوه، ره‌نگه حزبێک لێره چووبێت بۆ ئه‌وێ و قسه‌ی كردبێت، هه‌ندێک جار حزبێكی دیكه له‌دژی قسه‌ی كردووه، چونكه یه‌كگرتوو نیین، ئه‌وه‌ش كه‌موكورتییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: له په‌یوه‌ندیی ئایندهی كورد و عێراق باس له سنووری خوێن ده‌كرێت، به‌غدا به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رازی ده‌بێت؟
مه‌حمود عوسمان: "باوه‌ڕناكه‌م، ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ بنەمای سه‌ربه‌خۆیی نییه، كێشه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه سنوورمان له‌كوێدایه؟، بۆخۆم له ساڵی 1963 كه له‌هه‌موو وتوێژه‌كانی کورد له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كانی عێراق بووم، ئه‌وانیش ده‌یانگوت مافی خۆتانه و جیا ببنه‌وه، كێشه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌بووه كه جیاببینه‌وه یان نا، به‌ڵام ئه‌وان گوتوویانه سلێمانی و دهۆك و هه‌ولێر جیابكه‌نه‌وه، ده‌شیانزانی سه‌رناگرێت، چونكه توركیا و ئێران دژی بوون، به‌ڵام كێشه‌مان له‌سه‌ر سنوور هه‌بووه، ئایا كه‌ركووک ده‌چێته سه‌ر ھەرێمی كوردستان؟، خانه‌قین، شنگال ده‌چن؟، ئێستاش به بۆچوونی من كێشه‌كه سنووره، ره‌نگه حكوومه‌تی عێراق بڵێت جیاببه‌وه، به‌ڵام ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئێران له‌ولاوه رێكبكه‌وێت كه تێكی بدات، ئێران زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر سنووری له‌گه‌ڵمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌توانێت تێكی بدات، توركیا ره‌نگه له‌گه‌ڵ عێراق رێكبكه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی تر، بۆیه كێشه‌كه سنووره، كێشه له‌سه‌ر ئه‌مه دروست ده‌بێت. ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و هێزه عێراقییانه بناسین هیچیان ئه‌و ناوچانه‌ی ئێمه‌یان به كوردستانی نه‌زانیوه، ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری ببێت شتێكی باشه، ئه‌گه‌ر حزبه‌كانی ئێره پێكه‌وه كار بكه‌ن قه‌ناعه‌تییان پێ بكه‌ن شتێكی باشه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كورد پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه؟
مه‌حمود عوسمان: "شتێكی تایبه‌تی نییه نه‌خێر، ده‌وڵه‌تێک رایگه‌یاندبێت، خۆ ئێستا نهێنی نه‌ماوه، هیچ وڵاتێک راینه‌گه‌یاندووه، ئیسرائیلیش به ره‌سمی نه‌یگوتووه، ئه‌گه‌ر بیشیكات بۆ ئێمه خراپه، چونكه عه‌ره‌ب و ئیسلامیش ده‌بێته دژی تۆ، پاڵپشتی ئیسرائیل بۆ ئێمه خراپه و زه‌ره‌رمان لێ ده‌دات نه‌ک باش بێت، چونكه ئه‌گه‌ر شتێكیش ببێت خۆ ئیسرائیل به په‌ره‌شوت هاوكاریت ناكات، پێشتر په‌یوه‌ندییمان هه‌بووه زیانی هه‌بووه، به‌ڵام وڵاته گه‌وره و گرنگه‌كان ده‌ڵێن ئێوه له‌سه‌ر هه‌رچییه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌ون پاڵپشتیی ده‌كه‌ین، واته له‌كۆتاییدا كێشه‌كه دێته‌وه لای به‌غدا،
بۆیه بۆ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی سێ وڵات زۆر گرنگن، عێراق پاڵپشتیی بكات، ئێران و توركیا دژی نه‌بن، ئه‌گه‌ر له‌م سێ وڵاته سه‌ربكه‌وین، ره‌نگه وڵاتانی دیكه‌ش كێشه‌یان نه‌بێت".
- "حزبایه‌تی پێش كوردایه‌تی كه‌وتووه، سیسته‌می سیاسیشمان حزبایه‌تییه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت كورد له‌كاته هه‌ستیاره‌كاندا كێشه‌ی ناكۆكی و نایه‌كگرتوویی هه‌یه، ئه‌مه چه‌ند خراپه بۆ ئێمه؟
مه‌حمود عوسمان: "ده‌مێكه گوتوومه ده‌بێت حزبایه‌تی بخرێته دوای كوردایه‌تی، ده‌بێت بۆ میلله‌ت ئیش بكرێت، ئیتر كورد بێت یان مه‌سیحی یان ئه‌وانی تر، ئێستا حزبایه‌تی ره‌قه‌م یه‌كه و قه‌زییه‌ی كورد دوای حزبایه‌تی دێت، ئه‌مه بۆ هه‌موو حزبه‌كان وایه، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی ئێمه‌یه، ئه‌مه پێیده‌گوترێت حزبایه‌تی ته‌سک، ئه‌وه ساڵ و نیوێكه ئه‌م وڵاته له‌م بارودۆخه‌دایه، هه‌ر ده‌ڵێن داده‌نیشین و پڕۆژه‌مان هه‌یه و چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، پڕۆژه‌ی چی؟ كوا پڕۆژه، دوو حزب ئه‌مڕۆ به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌رده‌كه‌ن و بۆ شه‌و دژی یه‌ك قسه ده‌كه‌ن.
هه‌موو حزبه‌كان ئه‌جێندای نهێنییان هه‌یه، پارتی بۆ نموونه له‌گه‌ڵ توركیا په‌یوه‌ندیی هه‌یه، خۆ له كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی نهێنییه‌كان ناكه‌ن بۆ یه‌كتر، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئێران په‌یوه‌ندیی هه‌یه خۆ له كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كاندا باسی شته نهێنییه‌كانی ناكات، گۆڕان له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌و شێوه‌یه، شته بنچینهییهكان له‌گه‌ڵ یه‌كتر باس ناكه‌ن، موجامه‌لات و شتی گشتی باس ده‌كه‌ن، باشه ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌گه‌ن به ئه‌نجام كه‌ی ئه‌گه‌ن؟، ئه‌وه داعش ته‌واو بوو.
بۆیه ده‌بێت رێككه‌وتن بكه‌ن و په‌له بكه‌ن تێیدا، زۆر دواكه‌وتووه و سه‌یریشه ئه‌وه‌نده دواكه‌وتووه، ئه‌وانه‌ی بڕیاریان به‌ده‌سته‌وه‌یه له حزبه‌كان ئه‌گه‌ر جددی بن رێگه ده‌دۆزنه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده نه‌بێت و جددی نه‌بن زه‌حمه‌ته، ئه‌گه‌ر نه‌رم و جددی نه‌بن و ته‌نازول بۆ یه‌كتر نه‌كه‌ن كێشه‌یان ده‌بێت.
ئێستا بۆ نموونه په‌كه‌كه له شنگاله و كێشه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پارتییه به‌ته‌نیا، ئایا حزبه‌كانی تر بۆچوونییان چییه؟، پارتی به په‌كه‌كه ده‌ڵێت بڕۆ، كه‌چی ئه‌وانی تر ره‌نگه بڵێین مه‌ڕۆ، ئه‌گه‌ر هه‌موویان رێكبكه‌ون و به په‌كه‌كه بڵێن مه‌سڵه‌حه‌تی ئێمه نییه ئێوه لێره‌بن ئه‌وه ره‌نگه په‌كه‌كه‌ش بڕوات، بۆیه مه‌سه‌له‌ی به‌غداش وایه، یه‌كێك له‌گه‌ڵ عه‌بادییه، یه‌كێك دژییه‌تی، حزبه‌كانی ھەرێمی كوردستان چونكه یه‌كگرتوو نیین ناتوانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ناشتوانن له ده‌ره‌وه لۆبی بكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كورد ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی هێنا له شه‌ڕی داعش به‌هۆی نایهكگرتووییهوه ده‌یدۆڕێنێت؟
مه‌حمود عوسمان: "سوننه له هه‌مووان زیاتر زیانییان له‌شه‌ڕی داعشی كرد، كوردیش زۆر زه‌ره‌ری كرد و قوربانییه‌كی زۆری دا، ئه‌و هه‌موو ئاواره و په‌نابه‌ره‌ی هاتووه‌نه‌ته سه‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌شێک له‌ناوچه‌كانی پێشتر كه كوردستانی بوون هێنایه‌وه ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی، چونكه ئه‌و ناوچانه پێشمه‌رگه خوێنی تێ داون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه كورد له نایه‌كگرتوویی خۆی هه‌موو شتی له‌كیس ده‌چێت و زۆر زه‌ره‌ر ده‌كات".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا چاره‌سه‌ری چییه؟
مه‌حموود عوسمان: "سیسته‌می سیاسیی ئێمه نه په‌رله‌مانییه، نه سه‌رۆكایه‌تییه، حزبییه، بۆیه حزبه‌كان ده‌توانن چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه بكه‌ن، لێپرسراوی حزبه‌كان و بڕیاربهدهستهكانییان ئه‌گه‌ر بڕیاریان هه‌بێت و جددی بن ئه‌وا په‌رله‌مانیش كاراده‌كرێته‌وه و كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تیش ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام نازانم بۆ نایكه‌ن".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا حزبەکان داوای دەستپێشخەرییان لێ کردووی؟
مه‌حمود عوسمان: "نه‌خێر كه‌س پێینه‌وتووم بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌م یان نێوه‌ندگیری بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێم بكرێت بۆچوونی خۆمییان له‌گه‌ڵ ده‌رده‌بڕم، منیش خۆم به‌ته‌نها ده‌ستپێشخه‌ریی ناكه‌م، بارودۆخی ھەرێمی كوردستان وای لێهاتووه كه ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌مریكا فشار بكات و ناچارییان بكات، ئه‌گه‌ر نا ئه‌و دوو ساڵه خۆمان هه‌ر دێین و ده‌چیین، ئه‌مه بۆ خۆمان و دۆسته‌كانیشمان له‌ده‌ره‌وه ناخۆشه، بێ یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویش هیچیان پێ ناكرێت. ده‌بێت ته‌ماشا بكه‌ن كه‌ی یه‌كگرتوو بوون شتییان ده‌ست كه‌وتووه، كه‌ی یه‌كگرتوو نه‌بوون شتییان له‌كیس چووه، ده‌بێت ده‌رس وه‌ربگرن، ده‌گوترێت ئێستا یه‌كێتی و پارتی به‌نیازن رێكبكه‌ون، چونكه ئه‌و دووانه ناوچه‌ییان هه‌یه.
ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان سه‌رۆكی حزبه‌كان له په‌رله‌مان بن، نه‌ک كه‌سانی كادیری پلە سێ و چوار و به‌رپرسه‌كان نه‌چن، ئه‌وا په‌رله‌مان هیچ ناگۆڕێت، به‌ده‌موچاو گۆڕین گۆڕانكاریی دروست نابێت.
مه‌حمود عوسمان یه‌كێكه له سیاسه‌تمه‌داره موخهزرهمهكانی كورد، ئه‌و له‌ساڵی 1954ه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌خه‌باتی كوردایه‌تییه‌وه كردووه، زیاتر له شه‌ست ساڵ خه‌باتی شۆڕشگێڕی و سیاسیی هه‌یه، له‌دایكبووی ساڵی 1938ی پارێزگای سلێمانییه. له سه‌ره‌تاكانی گه‌نجێتییدا په‌یوه‌ندیی به‌ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه تا بووه‌ته راوێژكاری مه‌لا مسته‌فای بارزانی و نزیكیی ئه‌م له بارزانی باوكه‌وه وای كردووه هه‌ندێك به سه‌ندوقه ره‌شه‌كه‌ی بارزانی چاوی لێ بكه‌ن، له‌دوای شۆڕشی ئەیلوول چووه‌ته پاڵ پارتی سویسالیست دیموكراتی كوردستان و له 1981 بووه‌ته سه‌رۆكی ئه‌و حزبه، له ساڵی 1992 شكستی حزبه‌كه‌ی له‌یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وایكرد له‌و حزبه بكشێته‌وه و له‌و كاته‌وه زیاتر وه‌كو سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆ ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ساڵی 2003 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی حوكم بووه له عێراق، هەروەها ئه‌ندامی دوو خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراقیش بووه.
news_share_descriptionsubscription_contact

