Abdullah Abdulmanaf Shukur
29 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2022
هەولێر - AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆوە تاکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
لە کاتێکدا لایەنگرانی سەدر کە لە شارەکانی باشووری عێراقیش هەڵڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەست پێ کرد، قەدەغەی هاتووچۆ تا کاتێکی نادیار لە سەرتاسەری وڵاتە راگەیەندرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ کە پێشتر تەنیا لە بەغدا راگەیەندرابوو، لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ تا کاتێکی نادیار لە سەرتاسەری وڵات جێبەجێ دەکرێت.
لەوەو پێش بەهۆی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر، لە بەغدا لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بڕیاری جێبەجێ کردنی قەدەغەی هاتووچۆ لەو شارە دەرکرابوو.
- هێزە ئەمنییەکانی عێراق لایەنگرانی سەدر-یان لە کۆشکی حکوومەت کردە دەرەوە
لەلایەکی دیکەش هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا لایەنگرانی سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر-یان لە کۆشکی حکوومەت کردە دەرەوە.
هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی لایەنگرانی سەدریان دایەوە کە لە ناوچەی سەوز هەڵیانکوتابوویە سەر کۆشکی حکوومەت.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوای ئەوەی لایەنگرانی سەدر-یان لە کۆشکی حکوومەت کردە دەرەوە، دەرگای کۆشکەکەیان داخست و بیناکەیان خستە ژێر پاراستنی ئاسایش.
- بە سەدان کەس لە باخچەی کۆشکی حکوومەت بەردەوامییان بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان دا
تاوەکو ئێستاش سەدان کەس لە لایەنگری سەدر بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لەو باخچەی کە کۆشکی حکوومەتی لێیە.
هێزە ئەمنییەکان لە خاڵە جیاوازەکانی ناوچەی سەوز بە تەقەکردن لە ئاسمان لە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دان.