Rewa Mahmood Hasan
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2020
سلێمانی - AA
لە دووەم رۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆدا رێکارەکان بەرامبەر بە هاووڵاتییان دەگیرێنە بەر و رێگە بە هاتوچۆکردنی هاووڵاتییان نادرێت جگە لەوانەی کە رێگەپێدراون یان حاڵەتێکی ناکاویان هەیە.
دوای ئەوەی کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بۆ ٤٨ کاتژمێر قەدەغەکردنی هاتوچۆ رابگەیەنێت بەمەبەستی رێگرتن لە تەشەنەکردنی بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەئێستادا تەواوی شەقامەکانی شاری سلێمانی بەتەواوی چۆڵ کراون و تەنها ئەو کەسانە رێگەیان پێ دەدرێت هاتوچۆ بکەن کە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەیانگرێتەوە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.
تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لە تەواوی شەقام و کوچە و کۆڵانەکان مەفرەزەیان جێگیرکردووە و مۆڵەتی شۆفێری لەو کەسانە وەردەگرن کە بەبێ ئەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بیانگرێتەوە هاتوونەتە دەرەوە.
لەلایەکی ترەوە ئەوانەی بە پیادە هاتوچۆ دەکەن لەلایەن تیمەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە بڕۆنەوە ماڵەوە و رێگە بە هیچ جۆرە هاتوچۆیەک و هاتنە دەرەوەیەک نادەن بەدەربێت لە رێنماییەکان.
هەندێک هاووڵاتی بەپێ بەمەبەستی ئەنجامدانی وەرزش سەردانی پارکی ئازادی دەکەن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەگەڕێنرێنەوە تاکو بەدوور بن لە هەر جۆرە قەڕەباڵغیەک، هەندێکی تر بە پاسکیلەکانیانەوە بەنیازبوون وەرزش بکەن، هاوکات پێداویستییەکانی رۆژانەیان بکڕن، ئەوانەش ئاگادارکرانەوە کە تا دەتوانن خۆیان بەدوور بگرن لە هاتنە دەرەوە، تاکو پارێزراو بن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە قەدەغەکردنی هاتوچۆی درێژ کردەوە، بەڵام رێوشوێنەکانی نەرمتر کردۆتەوە.