Hamit Hüseyin
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
دوای ئازادکردنی شنگال خەڵک لەسەر چیای شنگالەوە هەتا دەگاتە نێو ناحیەی سحێلا بە ئاڵای کوردستان لە سەر رێگە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرد، دیار بوو ھەموو ئێزدییەک بەتایبەتی شنگالییەکان زۆر خۆشحاڵ بوون بە ئازادکردنی ناوچەکەیان بەڵام لە چیاکانی شنگال کە سەر دەکەوی بە درێژی چیاکان خێمەی پەنابەرانی ئەو ناوچەیە دیار دەکەوێ و ھەموو ئەو پەنابەرانە چاویان لە ھاوکارییە، کاتێک پرسیاریان لێ دەکەیت، چیتان پێویستە دەڵێن "ھەر مەپرسە جا چیمان ھەیە! ھەمووشتێکمان دەوێت".
ئەگەر ئەو پەنابەرانە کەسانی بیانی دەببینن، بەکۆمەڵ روویان تێ دەکەن، وادەزانن ھاوکاریان بۆ ھێناون، بەشی زۆری منداڵەکان بەپێی پەتی و بێ پێڵاو ھاتوچۆ دەکەن، رەنگی پێستی روخساری منداڵان و ئافرەتان لەم وەرزی زستانەدا لەسەر چیاکەن بەهۆی سەرماوە سوور هەڵگەڕاون.
ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە دوای ئازادیی شنگال پەنابەران ناگەڕێنەوە ماڵی خۆیان بەڵکو بۆ سەردانی خانووی خۆیان دەچن و ئەگەر ماڵیان نەڕووخابێت یان تاڵان نەکرابێت ئەوان کەلوپەلی نێوماڵی خۆیان لە شنگالەوە بۆ چیاکان دەبەن هەتا ئەم دووەمین زستانەش لە چیای شنگال بە ئازارێکى کەمتر ژیان بەسەر ببەن.
پەنابەرێکی چیای شنگال شوان عەبدۆ حەیدەر کە تەمەنی ٦٣ ساڵە لە سەرما دەستی ھەو دەکرد، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رەوشی ئێمە زۆر خراپە و لە چیا ژیان بەسەختی بەڕێ دەکەین و سەرمای زۆری بۆ ھێناوین و ئێمە داواکارین کە شنگال لەڕووی ئەمنییەوە باشتر بێت هەتا ئێمە بگەڕێینەوە ماڵی خۆمان ئێمە بە سەدان خێزان لەو چیانە ئاوارە بووین و ئەوەش لە کاتێکدایە ئێمە دوو زستان لەو سەرما و گەرمایە لێرەین".
عەبدۆ کە سەرپەرەشتی خێزانێکی شەش کەسییە بۆ ئانادۆڵو دەدوێت و دەڵێت: "ھەر لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە ئێمە لەو چیایەین و ئێمە نەھامەتی زۆرمان بینیوە. رۆژانێک بووە یەک پارچە نانمان بۆ خواردن هەبوو".
ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵە سێوە عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گلەی و دەردەدڵی خۆی بەمجۆرە بەیان دەکات: "ئێمە دوو زستانە لەم چیایە بەسەر دەبەین و رەوشی ئێمە زۆر زەحمەتە و ئێمە نەھامەتی زۆرمان دیت. ئیتر بەسە با دوای ئازادی شنگال ئێمە بگەڕێینەوە ماڵەکانمان و گەڕانەوەشمان ئاسان نییە لەبەر ئەوەی ئێمە دەبێ سەر لە نوێ دیسانەوە خانووەکانمان دروست بکەین".
ئەو زیاتر گوتی کە بە چ زەحمەتیەک لە چیاکان دار دەھێنێت هەتا بە سووتانی دار بتوانن ئاو گەرم بکەن و سەر منداڵەکان بشۆن و دەڵێت: "ترسێکی دیکەشمان ھەیە کە لەو چیایەی کە بەفر بێت خێمەکانی ئێمە تێک دەچن و ئێمە رۆژانە چاوڕێی گەڕانەوەین".
عەلی دربۆ پەنابەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "خێمە ناتوانێت بەرگری لەم سەرمایەی زستان بکات ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە منداڵەکانمان لەم سەرمایە بپارێزین و داواکارین لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە چۆن شنگالی رزگار کردەوە، وەها ئاوەدانیشی بکاتەوە و ئێمەش لەم گەرما و سەرمایە رزگارییمان بێت".
دربۆ دەڵێت: "من ھێشتا متمانەم بەوە نییە کە خێزانی خۆم بۆ شنگاڵ بگەڕێنمەوە بەڵام ھەر دەڵێم خۆزگە زووتر بگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم ئەگەر وێرانیش کرابێت".
ھەر پەنابەرێکی ئێزدی چیرۆکێکی تایبەتی و بێکۆتاییە، ئەوان بەشی زۆریان پاش ٣-٨-٢٠١٤ەوە بەھۆی ھاتنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سنوورەکەیان، ھانایان بۆ چیای شنگال ھێناوە.
چیای شنگال لە نێوان ناحیەی سنوونێ و شاری شنگالە، چیاکە ھێندە بەرزە بەڕووی ناوچەکەدا دەڕوانێت، کاتێک چەکدارانی داعش، سنووری شنگالیان کۆنتڕۆڵ کرد بەھۆی بەرگری ئێزدییەکان و سەختی چیاکە، چەکدارانی داعش نەیانتوانی وەک ناوچەکانی تری شنگال چیاکە کۆنتڕۆڵ بکەن.