ئەنقەرە
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەرشەد ساڵحی کە بەسەرۆکایەتی شاندێک لە تورکیایە، لەربارەی رەوشی تورکمانەکانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری AA گوتی: "ھەندێک ھەوڵ دەدەن تورکمانەکان لەدەرەوەی ھاوسەنگی سیاسی بھێڵنەوە و ئەوانەی دەخوازن تورکمان بتوێنەوە، ئامانجیان ئەوەیە تورکمان لە بونیادنانەوەی عێراق جێگایان نەبێ."
ساڵحی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا ئەمڕۆ لەژێر ناوی تیرۆر چەندین تاوانی بکەر نادیار ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوان پێیانوایە ھێرشەکانی دژی تورکمان بکەرەکانیان نادیارنییە. ئەمە بەشێکە لەو ئاڵۆزیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تێیکەوتووە. بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست توندوتیژی لە عێراق پەرەی سەندووە، یەکێکیش لە قوربانیە ھەرە گەورەکانی ئەم شەڕە تورکمانە.
ساڵحی باسی ھێرشی چەند رۆژی رابردووی سەر باڵەخانەی ئیستیخباراتی عێراقی لە کەرکوک کرد و گوتی: " جارێکی دیکەش ئەو باڵەخانەیە رووبەڕوی ھێرشی چەکداری بۆتەوە، بەڵام ئامانجی ھێرشی ئەمجارە جیاوازبوو، ھەوڵدرا کەرکووک بکرێتە پارچەیەک لە یاریەکی سیاسی. ئەو گرووپە چەکدارە کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیارنییە دوای ھێرشەکە، باڵەخانەی جەواھیر مۆڵ کە خاوەنەکەی تورکمانە داگیرکرد. ئەو مۆڵە و ھەموو کارمەند و خاوەن دوکانەکانی ناو مۆڵەکە لە تورکمانن. شەڕێک دروستبوو کە لە عەقڵ و لۆژیکی کەس دا نەبوو. لە جێگای ئەوەی چەند تیرۆریستێکی ناو مۆڵەکە بکوژن، ھێزەکانی پێشمەرگە کە لە شاری سلێمانی ھاتبوون، مۆڵەکەیان بەتەواوەتی سووتاند."
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەدوای ھێرشەکە بۆ راگرتنی شەڕەکە بەڕێوەبەرایەتی بەغدا ویستی ھێز رەوانە بکات، بەڵام پارێزگاری کەرکووک مۆڵەتی نەدا. پارێزگاری کەرکووک بۆ چەند دەستکەوتێکی سیاسی، لە سلێمانیە ھێزی پێشمەرگەی سەر بە پارتەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بانگھێشتی کەرکووک کرد ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لای خەڵکی کەرکوک."
ساڵحی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ویستیان ئەو توندوتیژیەی لە دوزخورماتوو لەبەرامبەر تورکمانەکان دکرێ، لە کەرکووکیش جێبەجێی بکەن. ئەوان ھەوڵ دەدەن لە دوزخورماتوو بە کردەوە بارودۆخێک دروست بکەن و بیکەنە ئەمری واقع. لەدژی لکاندنی دوزخورماتوو بە کەرکووک دەوەستین. بۆ ئێمە ئەوە ھێڵی سوورە. چونکە دەزانین لەدوای ئەمە چەند ھەنگاوێکی دیکە بەڕێوەیە. ھەوڵ دەدەن تورکمانەکانی دوزخورماتوو ناچاری کۆچکردن بکەن. ژمارەیەکی زۆری کارسازانی تورکمان رەفێندراون. بۆ رفێندراوان داوای فدیە دەکەن و دواتریش دەیانکوژن."
ھەروەھا راشیگەیاند ئەوان چاوەڕێ دەکەن حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربارەی ھێرشەکانی سەر تورکمان بە ھەستیاری ھەڵسوکەوت بکەن، پێویستە ھاوکاربن تاوەکو تورکمان ھێزی ئاسایشی تایبەت بەخۆی دروست بکات و گوتی: "پێویستە کورد ھاوکاریمان بکات تا ھێزی ئاسایشی تورکمان دروست بکەین. ھەمان شت بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی دووبارە دەکەمەوە. ئەگەر ھێزی پێشمەرگە ھەیە دەبێت ھێزی تورکمانیش ھەبێ، نابێ نە کورد نە عەرەب لەدژی ئەمە بوەستن."
دەربارەی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان کورد و تورکمان لە کەرکووک ساڵحی گوتی: " ئێمە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پارتە ئیسلامیە کوردیەکان لە کەرکووک ھەستیارینین بەردەوام گفتوگۆ دەکەین. جگە لە گفتوگۆمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، سەردانی سلێمانی و ھەولێر دەکەین و لەگەڵ پارتیە کوردیەکان گفتوگۆ دەکەین. بە راشکاوانە باسی داواکاریەکانمان دەکەین، بەڵام بەداخەوە ترسی بنبەستبوونی چارەسەری ھەیە. پڕۆژەی ھەردوولا یەکتر ناگرن. کورد سوورە لەسەر ئەوەی کەرکووک پارچەیەکە لە کوردستان، ئێمەش دەڵێین لەبەرەبەیانی مێژوو کەرکووک شارێکی تورکمانی بووە."
ساڵحی لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: " تا ئەمڕۆ تورکمان ئاستەنگ بووە لەبەردەم پارچەبوونی عێراق، ئەگەر لەدواڕۆژدا وڵات بۆ ھەرێمی سوننە، شیعە و کوردی دابەشبکرێ, ئەوا تورکمانەکان ھەرێمی تورکمانی رادەگەینن."
ساڵحی پێیوایە پەیوەندی تورکیا و عێراق لاپەڕەیەکی نوێ دەکاتەوە و ئاشکرایکرد تورکمان رۆڵی پرد لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە دەبینێ. لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ مالکی و بەرپرسانی دیکە و بەرپرسانی تورکیا ھەموو کاتێک ئەو پەیامە دەدەین. لەوبارەیەوە دەخوازین ببینە پردێکی بەھێز و لە داھاتوویەکی نزیکیشیدا ئەمە جێبەجێ دەکەین."
ساڵحی باسی لە گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامیان داوە و رایگەیاند کە ئەدرۆغان لەگەڵ تورکمانەکان راوێژ دەکات و لە مەسەلە گرنگەکان پشتگیریان دەکات. ھەروەھا گوتی:" لەگەڵ تورکیا پەیوەندی ریشەیی ھاوبەشمان ھەیە، ھیوادارین پەیوەندی و گرنگی زیاترمان پێبدەن."
ساڵحی ھەروەھا باسی گرنگی ھەڵبژاردنی گشتی عێراقی لە ٣٠ نیسانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ تورکمانەکان کرد و لەمبارەیەوە گوتی: " ھەڵبژاردنی ئەمجارە رەھەندی زۆر جیاوازتری ھەیە. بۆ نموونە ئەمجارە لیستێک نابێ کە شیعە، سوننە، کورد و تورکمان لەخۆ بگرێ. لە ھەڵبژاردنی داھاتوو لەوانە لیستی شیعە، سوننە و لیستی نەتەوەپەرستان دروست بکرێ. تورکمانەکان شیعە و سوننەیان ھەیە. لەناوچەکەمان پێکھاتەیەکی بەربڵاویان ھەیە. ئەمە بۆ ئێمە ئاستەنگ دروست دەکا. لە کەرکووک لەژێر ناوی بەرەی تورکمانی ھەوڵ دەدەین ھەموو پارتە تورکمانیەکان لەناو یەک لیست کۆبکەینەوە، بەڵام لە ناوچەی موسڵ ئەمە بە ھاوپەیمانیەتی ئەنجام دەدەین."
news_share_descriptionsubscription_contact



