Cemal Sargati
12 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
سلێمانى-AA
بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی کۆی گشتی کارو چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٦ی راگەیاند. بەگوێرەی ئاماری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ساڵی رابردوو نزیکەی ٣٠ ھەزار منداڵ لەدایکبوون.
- بە پێی ئامارەکە ژمارەی ھاوسەرگیریی لە ژمارەی جیابوونەوە لەم پارێزگایە زیاتربووە.
لە ئامارەکەى بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیدا هاتووە "لە ساڵی رابردوودا داهاتى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتی بووە لە٢٦١ ملیۆن و نۆ هەزار دینار".
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لێپرسراوى هۆبەى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، عەلى سەباح سەعید ئامارەى ساڵى رابردووى بەڕێوەبەرایەتییەکەیانى خستەڕوو و رایگەیاند "لە ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی لەدایکبووان گەیشتووەتە ٢٩ ھەزارو ٨٥٣ کەس، لەو ژمارەیەش ١٥ ھەزارو ٣٠٨یان لە رەگەزی نێر بوون و ١٤ ھەزارو ٥٤٥یشیان لە رەگەزی مێ".
گوتیشى: "لە ساڵى ٢٠١٦دا، ٤ هەزار و ٢٨٣ کەس گیانیان لەدەست داوە لەو رێژەیەش ٢ هەزار و ٤٠٦ کەس نێر بوون و هەزار و ٨٧٧ کەس لە رەگەزى مێ بوون".
سەبارەت بەھاوسەرگیریش لە ساڵی رابردوودا، لێپرسراوى هۆبەى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی ئاشکرای کرد، ژمارەی ھاوسەرگیریی لە جیابوونەوە زیاتربووە، بەوەى نۆ ھەزارو ٣٧٨ پرۆسەی ھاوسەرگیریی تۆمارکراوە، بەڵام ھەزارو ٤٧٥ جیابوونەوە ھەبووە".
ئەو باسى لەوەشکرد، لە ساڵى ٢٠١٦دا ٦٠ ھەزارو ٥٧٩ ناسنامەی باری شارستانی بۆ یەکەمجار دراوە بەھاووڵاتییان و لەبەرامبەریشدا ١٠ ھەزارو ٢٤٢ حاڵەتی تێکچوونی ناسنامە تۆمارکراوە و دواتر پێیاندراوەتەوە، بەکۆی گشتیش ٧٠ ھەزارو ٨٢١ ناسنامە دراوە بەھاووڵاتییان".
سەبارەت بەکارتی نیشتیشمانیش، لە ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیدا نووسراوە "تائێستا ژمارەی ئەو ھاووڵاتییانەی کارتی نیشتیمانییان پێدراوە، گەیشتووەتە ٢٤ ھەزارو ٤٦ کەس".
لەبارەی داھاتی ساڵی رابردووی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانیشەوە، عەلى سەباح سەعید رایگەیاند "کۆی داھاتی بەڕێوەبەرایەتی لە ساڵی رابردوودا، بریتی بووە لە ٢٦١ ملیۆن و نۆ ھەزار دینار".