Ozhin Ramadhan Salih
17 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2021
کەرکووک –AA
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکاندا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید جبوری بە میدیاکانی راگەیاند: "ھاتنی ٧٠٠ ھەزار ئاوارەی پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بۆ کەرکووک و میوانداریکردنی پێنج زانکۆی پارێزگاکانی دیکە کاریگەری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە کردبوو ئەمەیش فشارێکی زۆری لەسەر ئیدارەی شارەکە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دروستکردبوو و گرفتی خزمەتگوزاری شارەکەیشی لاوازکردبوو، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە کەرکووک دوا پارێزگای عێراق بوو کە لە تیرۆریستانی داعش پاککرایەوە و ئەمەیش دۆسیەی یەکلاکردنەوەی ئاوارەکانی دواخست لەکاتێکدا سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەی شارەکە داخران".
راکان جبوری گوتیشی: "دوای گەڕانەوەی ئاوارەکانیش کێشەکی دیکە بەرۆکی گرتین کە ئەویش گرفتی نیشتەجێبوونی ئەو ئاوارانەی ناوچەکانیان خاپوور ببوون کە تەنھا لە پارێزگای کەرکووک ١٨٣ گوند بەھۆی شەڕی داعشەوە بەتەواوی خاپووربوون و لەگەڵ ناحیەی مولتەقا و ھەندێک ناوچەی دیکە کە بەشێک لە خانووەکانی خاپوربوون".
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت راشیگەیاند: "ئێمە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانمان گەیاندە سەرجەم ئەو ناوچانەی شەڕی داعشی تیابووە و بەڵام بودجەیەکی باشمان لەبەردەستدا نییە بۆ ھاوکاریکردنی تەواوی ئەو ناوچانە و ئەو ھاوکاریانەیشی کە بۆ کەرکووک تەرخانکراوە بەشی پێویستی پارێزگاکە ناکات و تەنھا ٦ لەسەدی بوودجەی نۆژەنکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەتی داعش بۆ کەرکووک تەرخانکراوە کە دەکاتە ٢٥ ملیار دینار ئەمەیش بەشی پێویستی ئەو ناوچانە ناکات کەلەژیر دەسەڵاتی داعشبوون لە پارێزگاکەدا".
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق ئاماژەی بەوەکرد کە لە کەرکووک ٣٥ ھەزار خێزانی ئاوارە بوونی ھەیە کە ١٣ ھەزار خێزانیان خەڵکی ناو پارێزگاکەن و شەش ھەزار خێزانی پارێزگای نەینەوا و پێنج ھەزار خێزانیش خەڵکی پارێزگای ئەنبارن و گوتی: "لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت باسی داڕشتنەوەی میکانیزمێکمان کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار بۆ ناوچەکانی خۆیان چونکە ئەو دوو پارێزگایە لە دۆخێکی ئەمنی باشدان و دۆخی ئەمنی تیایاندا جێگیرە".
ئیڤان فایەق لەسەر ھاوکاریکردنی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان گوتی: "لەماوەیەکی نزیکدا مینحەیەک بەبڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار دەدەین بە ھەر خێزانێکی ئاوارە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکان ئەویش بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ئەو لیژنەیەی بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنراوە".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی بەشداریکردنی ئاوارەکان لە پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، رایگەیاند " ھەوڵمانداوە کێشەی دەنگدان و کارتی دەنگدانی ھەموو ئەو ھاووڵاتییانە چارەسەر بکەین کە ئاوارەبوون و لەئێستادا لە ناوچەکانی خۆیان نین بۆ ئەوەی وەک مافێکی یاسایی و ئاسایی بەشداربن لە پرۆسەی دەنگدان".
لەبارەی کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و چارەنووسیان، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان گرەتنی گەڕانەوە و پاراستنی کەسوکاری چەکدارانی داعش دەکەن و سەرجەم ناو و زانیارییەکانی ئەو کەسانە لەبەردەستی ئاسایشی نیشتمانی عێراقدایە و وردبینیان بۆ دەکرێت و ئەو کەسانەیشی ھەر کێشەیەکی ئەمنی و پەیوەندییان لەگەڵ چەکدارانی داعش لەسەربێت ئەوە ئێمە وەک وەزارەت ھیچی بۆ ناکەین و ئەوە دەبێتە کاری ھێزە ئەمنییەکان".