ریزە (AA)
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە لەکاتی کردنەوەی (زانکۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لەشاری (ریزە) جارێکی دیکە چەند باس و خواسێکی سیاسی وڵاتەکەی شرۆڤە کرد.
دانیشتوانی ریزە وەک خۆشەویستییەک بۆ سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بڕیاریاندا ناوی زانکۆ تازەکەیان بکەن بەناوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشێک قسەکانی تەرخانکردبوو بۆ مشتومڕی دەستەواژەی دیکتاتۆر بوون و ئازادی رادەربڕِین کە ئێستا ھەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆن دژی ئەردۆغان بەکاری دەھێنن.
لەوبارەیەوە گوتی " ئازادیی تاکە کەس تا ئەو شوێنەیە کە ئازادی بەرامبەر زەوت نەکا، کەسانێ لە خۆپیشاندانەکانی پارکی (گەزی)دا ماڵ و موڵکی خەڵکیان سوتاند و پەلاماری پۆلیسیاندا بە مۆلۆتۆف، بەو ھەڵسوکەوتانەیان دەگوت ئازادی، کەچی کاتێ پۆلیس لەبەرامبەریاندا دەوەستایەوە دەیان گوت پۆلیس لایەنگری دیکتاتۆرەو دەستوەشێنن".
ئەردۆغان زیاتر گوتی " ئێستا بەمن دەڵێن دیکتاتۆر، باشە ئەگەر دیکتاتۆر بوومایە چۆن دەتانتوانی ئەو دەستەواژەیە بەکاربێنن بەرامبەرم؟ ئەوانەی کە وادەڵێن و بەشوێن دیکتاتۆرەکاندا دەگەڕێن، با بچن لەناو ھاوەڵانی خۆیاندا لە میسرو سوریادا بگەڕێن".