لەندەن AA))
رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە ئەمریکاو بەریتانیا خەریکی تاوتوێکردنی ھێرشن بۆ سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ئەگەر بێتو سەلمێنرا چەکی کیمیایی بەکارھێناوە.
سەندەی تایمز نووسیویەتی "رۆژ لەدوای رۆژ پلاندانەرانی سوپای ئەمریکاو بەریتانیا خاڵە سەرەکییەکان دەست نیشان دەکەن بۆ ھێرشی ئاسمانی".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا (دێڤد کامیرۆن) بەتەلەفۆن لەبارەی تەنگەژەی سوریا، بۆ ماوەی ٤٠ دەقیقە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) کردووە.
بەڵام ھیچ وردەکارییەکی ئەو پەیوەندییە ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی راپۆرتەکەی سەندەی تایمز پلانەکە بەو جۆرە دادەڕێژرێ "سەرەتا پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆن، دواتر قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکە بەئاسمانیی سوریا. بەڵام ئەوەی زیاتر باسی لێوەدەکرێ ئاگادارکردنەوەی ئەسەدە لە ٢٤ تا ٤٨ سەعات بۆ ئەوەی وڵات بەجێ بێڵی. ئەگەرنا ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەودایە بۆردمان دەکرێ".
سەندەی تایمز ھەروەھا بڵاویکردووەتەوە بۆ پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کامیرۆن بەڵێنی داوە ئەو باسە بباتە پەرلەمانی وڵاتەکەی، بەڵام بۆ ھێرشکردن چاوەڕوانی رەزامەندیی پەرلەمان نابێ.