Serdar Açıl,Merve Yıldızalp,Ali Kemal Akan
06 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2015
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتی: "کردەکانی تیرۆریستی پەکەکە پرۆسەی چارەسەری تێک دا، پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە هاوشێوەی رێکخراوەکانی تیرۆریستی دیکەی ناوچەکە. مافی خۆمانە لەدژیان بجەنگین. ئەو رێکخراوە لەزۆربەی وڵاتان و ناوەندەکانی نێودەوڵەتی لە لیستی تیرۆر دایە. دەبێت لەبەرامبەر ئەو لەگەڵ ئەورووپا و وڵاتانی جیهان خەریکی راوێژکاری توندوتۆڵ و ئاڵوگۆڕی زانیاری بین".
ئەردۆغان، وەك گوتاربێژی شەرەف لەو كۆنفرانسە بەشداری كرد، كە لەكۆشكی ڤاڵ دوچێسی پەیمانگای ئەگمۆنت لەبرۆكسلی پایتەختی بەلجیكا گرێ درا.
لەو كۆنفرانسەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا، كە ناسەقامگیری عێراق كاریكردۆتە سەر تەواوی وڵاتانی ناوچەكە بە توركیاشەوە، گوتیشی: "هەر لەرۆژی یەكەمەوە بەردەوام سووربوون لەسەر هاوكاریكردنی عێراق بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەردا بكێشێتەوە، بەڵام سیاسەتی مەزهەبگەرایی كاربەدەستانی عێراق و پەراوێزخستی بەشێكی گرنگی گەلی عێراق وڵاتی هێندەی دیكە بەرەو ناسەقامگیری برد و ئەوەیش زەمینەی خۆش كرد بۆ درووستبوونی داعش. خەڵكانی پەراوێزخراویش باوەشیان بۆ كردەوە، هێشتا هیچ وڵاتێك نەهاتبووە سەر هیڵ دژی داعش كە مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستان و لەوكاتەوە توركیا یارمەتی مرۆیی بەعێراق داوە. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی سووریا و عێراق، وەكو پەتایەك هەڕەشەی بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باكووری ئەفریقا و تەنانەت ئەورووپاش هەیە".
گوتیشی: "رێكخراوی تیرۆریستی داعش گەورەترین زیان بەموسوڵمانان دەگەیەنێت، چونكە ئەو كەسانەی بەدڕندانە دەیانكوژێت كەسانی موسوڵمانن، هەڵوێستی توركیا لەبارەی داعشەوە هەر لەزووەوە دیار و روونە و لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بەناوی پێشووی بەرێكخراوێكی تیرۆریستی ئاماژەی پێكراوە، لەساڵی ٢٠١٣ بەناوە نوێیەكەی بەرێكخراوی تیرۆریستی ناسێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو تیرۆریستانەی داعش روویانكردۆتە عێراق و سووریا ژمارەیان نزیكەی ٢٥ هەزار كەسە. لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی بیانی توركیا رێگەی نەداوە بەنزیكەی ٢٠ هەزار كەس لەوڵاتی جیاجیاوە رووی تێ بكەن. هەر بیانییەكیش گومانی پەیوەندی لەگەڵ داعش لێ بكرێت دوای دڵنیابوون لەو كارەی دەگیرێت و سنوورداش دەكرێتەوە. لەساڵی ٢٠١١ ەوە دوو هەزار كەس دوای دڵنیابوون لەپەیوەندییان بەو رێكخراوەوە رەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە. لەوبارەیەوە لایەنەكانی پەیوەندیدار لەهەماهەنگی دان لەگەڵ لایەنی هاوتایان لەوڵاتانی دیكە. ئەو وڵاتانەی پێش بەهاووڵاتییانیان ناگرن و زانیاری تێر و تەسەلمان پێنادەن مافی ئەوەیان نییە بڵێن (بۆچی توركیا ئاوا دەكات)".
-"كردەكانی تیرۆریستی پەكەكە پرۆسەی چارەسەری تێك دا"
لەبارەی بارگرژییەكانی نێوان پەكەكە و توركیاش ئەردۆغان پێیوا بوو كە پەكەكە لەسنوورەكانی توركیا كێشەیەكی جدییە و گوتی: " لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٥ كاتێك گرووپێكی مەدەنی خەریكی كۆنگرەی رۆژنامەوانی بوون، ئەندامێكی داعش هێرشی خۆكوژی ئەنجامدا و لەئاكامدا ٣٣ كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ی دیكەش بریندار بوون. لەكاتێكدا هێزەكانی ئاسایشی توركیا سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەیەكی تۆكمەبوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، كەچی رۆژی دواتر پەكەكە لەشارۆچكەیەكی دیكە دوو پۆلیسیان بەشێوەیەكی زۆر قێزەونانە لەخەودا شەهید كرد. لەرۆژی هێرشەكەی سورجەوە تاوەكو ئەمڕۆ رێكخراوی تیرۆریستی نزیكەی ١٤٠ ئەركداری ئاسایشی شەهید كردووە لەگەڵ دوو منداڵ و ٤٣ هاووڵاتی مەدەنی، هەروەها ٥٣٦ ئەركداری ئاسایش و ٢٨٨ هاووڵاتی مەدەنی برینداركراون. هێرشەكان لەو ساڵانەی دوایدا زیاتر پەرەیان سەندووە، لەساڵی ٢٠١٣ ەوە ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە چوونەتە دەرەوەی وڵات لە ئێستاشدا لە چالاكییەكانیان بەردەوامن. كردەكانی تیرۆریستی پەكەكە پرۆسەی چارەسەری تێك دا، پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستییە هاوشێوەی رێكخراوەکانی تیرۆریستی دیكە لە ناوچەكە. مافی خۆمانە لە دژیان بجەنگین. ئەو رێكخراوە لەزۆربەی وڵاتان و ناوەندەكانی نێودەوڵەتی لە لیستی تیرۆر دایە. دەبێت لەبەرامبەر ئەوە لەگەڵ ئەورووپا و وڵاتانی جیهان خەریكی راوێژكاری توندوتۆڵ و ئاڵوگۆڕی زانیاری بین. مادام تەواوی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا بەبڕیاری یەكێتی ئەورووپا دان بەوەدەنێن پەكەكە رێكخراوێكی تیرۆریستییە، پێویستە هەموومان دژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە راوێژ بەیەكتر بكەین".