Dilşad Seyfeddin Ahmed
22 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2015
سلێمانی
پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەشواق جاف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمان عێراق لە بارەی دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و پەیوەندی نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستانەوە قسەی كرد.
ئەشواق جاف لەبارەی كاریگەری ناكۆكییەکانی سیاسی هەرێمی كوردستان و جیاوازی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و كاردانەوەی لەسەر لایەنەکانی كورد لە بەغدا گوتی: "نەمان هێشتووە كێشەكانی هەرێم لەو دیو سنوورەكانی حەمرینەوە كاریگەری لەسەرمان هەبێت وەك پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بەوە هەیە لایەنەكانی هەرێم بە زوویی كێشەكانیان چارە بكەن تاوەكو كاریگەری بۆ سەر كورد لە بەغدا نەبێت".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی هەتا ئێستا نازانن رەشنووسی پڕۆژە یاسای بوودجەی 2016ی عێراق چۆن دەبێت بەڵام لەلایەن بریكاری وەزیری دارایی عێراقەوە پێی راگەیەندراوە كە هەمان ئەو بەندایە كە لە پڕۆژەی 2015 دا دانراوە.
ئەشواق جاف لەبارەی بوودجەوە زیاتر گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا كەمتر لە 40 لەسەدی ئەو بوودجەیەی بۆ هەرێم تەرخان كرابوو لەلایەن بەغداوە نێردراوە، بوودجە لە پەرلەمان كێشەی نابێت و تێپەڕ دەكات بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لە سیاسەتەكانی بەغدا بەرامبەر هەرێم و گوتی: "لە بەغدا هەست ناكەین هیچ گۆڕانكارییەك لە سیاسەتیان بەرامبەر كورد رووی دابێت و ئەوەی هەیە تەنها گۆڕانكاری روخسارە چونكە هەمان سیاسەت دژی كورد پەیڕەو دەكرێت و كورد وەك پلە دوو لە عێراقدا سەیر دەكرێت".
جاف لەبارەی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی چاكسازییەكانی عێراق بۆ هەرێم دوا و گوتی: "نامانەوێت چاكسازییەكانی عەبادی بهێنینە كوردستان چونكە ئەو چاكسازییەی ئەو تەنها حیبری سەر وەرەقەیە و هەرێم پێویستی بە چاكسازی بنەڕەتی هەیە بەتایبەت لە سیستمی مووچەدا".
ئەو هەروەها گوتی: "هەندێك درووشم لەو چاكسازییەدا بەرز كراوەتەوە كە گومانی لای ئێمە دروست كردووە، لەوانەش باسكردن لە هەمواركردنەوەی دەستوور كە بە درووشمێكی سیاسی دەزانین".
پەرلەمانتارەكەی پارتی دیاریكردنی هەر جۆرە ماوەیەكی سەرۆكایەتی هەرێمی لەلایەن بەغداوە رەتكردەوە و گوتی: "دەستووری عێراق تەنها دوو خولی بۆ سەركۆمار دانراوە و سەرۆكوەزیران پەیڕەوی ئەوەی نەكردووە، لەم خولەشدا یاسایەك هەیە بۆ سەركۆمار و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدەین بەڵام ئەو یاسایە هەرێم و سەرۆكی هەرێم ناگرێتەوە و لە دەسەڵاتی بەغدا نییە ئەوە بۆ هەرێم بكات. بۆ هەر بڕیارێكی لەو شێوەیەش لەلایەن بەغداوە لە دادگای دەستووری تانەی لێ دەدەین و ئەوە تەنها دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە".