سلێمانی ـ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ، قادر عەزیز لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ، دۆخی ناوخۆی یەكێتی و ناكۆكییەكان لەسەر پرسی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی قسەی کرد.
- "دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خراپە، هۆكارەكەشی ریفراندۆم بوو"
قادر عەزیز سەرەتا و لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دوا و گوتی: "دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خراپە و هەمووانیش ئەوە دەزانین كە هۆكارەكەی ریفراندۆم بوو، لەبەر ئەوە نەبوو كە ریفراندۆم خراپ بوو بەڵكو لەبەر ئەوەبوو كە كاتەكەی خراپ بوو كاتێكی نەگونجاو بوو، ئەوەش وایكرد كە ریفراندۆم ببێت بە پاساوێك بەدەست بەغداوە بۆ ئەوەی هەرچی هەیەتی و ئەوەی لە لای كۆبووەتەوە لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان پیادەی بكات.
سیاسەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی هەبووە لای خەڵكی هەرێم جێگەی رەزامەندی نەبووە ، بەڵام ئەم سیاسەتە لە دەرەوەی خۆمان لەسەرمان ماڵە. لە دوای ریفراندۆم كەوتنە گیان و وێزەی خەڵكی كوردستان و بە زوویی دوای ریفراندۆم لە پەرلەمانی عێراق جەنگیان راگەیاند، ئەو 14 بڕیارەی پەرلەمانی عێراق هەمووی تێدایە لە فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوورییەكان و نەوت و كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان ، هەروەها شەڕیشی تێدایە ، چونكە داوا لە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی دەكات سەروەری عێراق بگێڕێتەوە بۆ ئەم ناوچانە و ئەگەر پێویستیش بكات هێز بەكاربهێنێت.
لە بەرامبەردا بەداخەوە هەندێك لەوانەی ریفراندۆمیان كرد و ریفراندۆم لە دەستیان شكا لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە خەڵك بكەن و دان بە هەڵە و شكستەكەی خۆیان بنێن كە كاتی ریفراندۆمەكە بوو، چونكە ئەگەر سەربەخۆیی كوردستان و دەوڵەت هێندە ئاسان بێت ، ئەدی بۆ 100 ساڵە كورد ئەم دەوڵەتەی رانەدەگەیاند ، هاتن پاساوی ئەوەیان هێنایەوە كە خیانەت كراوە لە كەركووك و وا كراوە ئەگینا وانەدەبوو، بێگومان لە كەركووكیش شت كراوە، بەڵام بە لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەڵگە دەرنەكەوتووە و نەسەلمێنراوە كە ئەوەی لە كەركووك بووە چی بووە.
ئەوەی كراوە ئاشكرایە هەركەس كردبێتی لە ریفراندۆم و كەركووك و پێش ئەوە و شكستی حوكمڕانی و نەوت و مووچە و بوودجە ، بەرپرسیاریەتی ئەمانە هیچی ناسڕێتەوە ، بەڵام ئێمە شكستمان خواردووە و میلـلەتەكەی ئێمە لە دۆخێكی خراپدایە و مووچە و نانی نییە، پڕۆسەی خوێندن پەكی كەوتووە، تەندروستی دۆخی خراپە ، ژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت و هەرچی دەیگریت دۆخیان خراپە، ئێستا كاتی ئەوەیە هەموومان بەعەقڵیەتێكی تازە نەوەك بە عەقڵیەتی پێش ریفراندۆم كە ئەمەیە ئێستا بەردەوامە، دەبێت بە عەقڵیەتی دوای ریفراندۆم و بەخۆداچوونەوە و داننان بەهەڵەكانی خۆمان بێین هەموومان شان بدەینە بەر ئەو ئەركەی ئێستای دوای ریفراندۆم بۆمان دروست بووە ، چونكە یەكێك لە خاڵە لاوازەكانمان فاكتەری زاتی و نەبوونی یەكڕیزییە، تەنانەت لە ریفرادۆمیش ئەو یەكڕیزییە نەبوو.
ئەمەی بەسەر كورد هات بە ئاسانی قەرەبوو ناكرێتەوە و كاتێكی زۆر و هەوڵ و تێكۆشانی دەوێت، بەڵام رەنگە یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردی تاڕادەیەك شتێكمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە، بەو عەقڵیەتەی ئێستا كە عەقڵیەتی پێش ریفراندۆمی پێدەگوترێت هیچ شتێك چارەسەر ناكرێت، بەغدا هەڵوێستی روونە و ئەوانەی بۆ دەكەیت باشە نایكەیت نایكات ، رەنگە ئەوانەش هەندێكی بیانوو بێت ، كەس ناتوانێت بەرگری لە عەبادی و بەغدا بكات، بەڵام تۆ وەرە بیانووەكەی ببڕە و بوودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان وەربگرە".
- "دۆخی كورد لە دوای هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستای باشتر نابێت"
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دوا و ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخی كورد لە دوای هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستای باشتر نابێت.
قادر عەزیز گوتی: "پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا خراپە و ریفراندۆم هەمووی تێكدا، شەڕ دروستبوو، ئەو هەموو دوژمناكارییە دروستبوو، ئەوان بە دوای تۆڵەكردنەوەن ، ئەوەی هەیە بە فشاری نێودەوڵەتی و ئەملا و ئەولا یان هەندێك لە بەرژەوەندی خۆیان تاڕادەیەك دۆخەكە راگیراوە، بەڵام تا ئێستا دۆخەكە یەكلایی نەكراوەتەوە.
بەو هەموو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە پێگەی كورد لەوەی ئێستا باشتر نابێت، كورد ئێستا ژمارەی كورسییەكانی زیاترە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، هەمووان دەزانن لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ژمارەیەك كورسی لەدەست دەدەین ، چونكە ناوچەكەت لەدەستداوە، كەركووك و مووسڵ و شنگال و خانەقین و هەموو ئەو ناوچانە وەك پێشتر بۆ كورد مسۆگەر نییە و خەڵكەكەی تیادا نەماوە، كورد پێشتریش دۆخی لە عێراقدا باش نەبووە بە هۆی ئەوەی لە سەرەتاوە بە هەڵە هاتووە و پێویست بوو كورد وەك نەتەوەی دووەم مامەڵەی بكردایە نەوەك بە ژمارەی كورسی پەرلەمان، بەڵام پرسەكەیان كردە نێوان پرسی كورد و شیعە و سوننە و بچووكیان كردەوە، پاشان بەشێكی پرسەكە وەختە ببێتەوە پرسێكی تائیفی و مەزهەبی.
پرسی كورد لە عێراقدا پرسێكی نەتەوەییە و بە دیموكراسی چارەسەر دەكرێت و ئیستحقاقی نەتەوەیی دووەمی هەیە ، پێویستە قبووڵ نەكات بە رێی كورسی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".
- "بڕیاری كۆنگرەی یەكێتی هەیە، بەڵام رۆژەكەی دیاری نەكراوە"
قادر عەزیز پێشتر سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بووە و دواتر سكرتێری حزبی ئایندەی كوردستان بووە و، دوای یەكگرتنیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
ئەو دەڵێت مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵوەشێنراوەتەوە و ئێستا وەك ئەندامی سەركردایەتی كار دەكەن، لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی كۆنگرە و كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەشیەوە قسەی خۆی هەیە.
قادر عەزیز لەو بارەیەوە دەڵێت "بڕیاری بەستنی كۆنگرە دراوە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لە رۆژی 4/11/2017 ەوە بڕیاری كۆنگرە دراوە كە دەبێت لە سەرەتای مانگی ئادار ببەسترێت، تەنانەت بڕیارەكە ئەوەبوو كە نەگاتە نەورۆز. لە دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی ناوەند و ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە لەم رۆژانەدا بەسترا لەوێش جارێكی تر تەئكید كرایەوە و بە كۆی دەنگ بڕیاری بەستنی كۆنگرە درا. كۆنگرە داوای سەرجەم مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكانی یەكێتییە، بەڵام دواكەوتووە، ئومێد دەكەین هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكرێت و رۆژەكەی دیاری بكرێت، بڕیاری كۆنگرە هەیە، بەڵام رۆژەكەی دیاری نەكراوە، رەنگە بكەوێتە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو، ئەگەر رایەكی تر نەیەتە پێشەوە، من پێم وانییە هیچ رایەكی تر بێتە پێشەوە و پێم وانییە هیچ جێگرەوەیەكی تر هەبێت بۆ بەستنی كۆنگرە ، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت كۆنگرە ببەسترێت و شتێكی تری جێگرەوەی كۆنگرە نییە.
ئەم دۆخەی ئێستاش یەكێتی تێی كەوتووە، بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكان و خۆ رێكخستنەوە بە بەرنامەیەكی تازە و بە سەركردایەتییەكی تازە و گوتارێكی سیاسی تازە ، پێویستی بە كۆنگرە هەیە ، بۆیە دەبێت كۆنگرە ساز بكرێت ، هەموو راوبۆچوونەكان ئەوەن كۆنگرە پێش وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ببەسترێت .
كۆنگرە هەمیشە كێشەیە لەنێو حزبی كوردیدا، چونكە حزبەكە دیموكراسیەتی تێدا نییە یان لاوازە، حزبی دامەزراوەیی نییە، لەبەر ئەوە كۆنگرە كێشەی تێدەكەوێت، ئەگەر لە حزبدا پەیڕەوی ناوخۆ هەبێت و بە پەیڕەو كار بكرێت و دیموكراسی هەبێت ، زۆرینە و كەمینە هەبێت و بڕیاری زۆرینە قبووڵ بكەیت ، كێشە نابێت. یەكێك لە كێشەكانی تر لە حزبی كوردی بابەتی سەركردایەتییە، راستە لە كۆنگرەكان پڕۆژە و بەرنامەی سیاسی و پەیڕەوی ناوخۆ هەیە و خۆیان ماندوو دەكەن ، بەڵام كە دەچیتە نێو كۆنگرە هەمووان كار بۆ یەك خاڵ دەكەن كە ئەویش سەركردایەتییە. لە سەركردایەتییەكەش چونكە دیموكراسیەت نییە لە حزبەكەدا دەكەونە تەكەتول و دەستەبەندی ، زۆربەی كێشەكانیش لەوەوە دروست دەبێت.
لەناو یەكێتی بەهەمان هۆكار كۆنگرە دواكەوتووە، هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی لە كۆنگرە دەترسن ، لەبەر ئەوەی پێیان وایە دەرناچن یان خەڵك ناڕازییە لێیان لە كادرانی یەكێتی ، یان لێپێچینەوەیان لێدەكرێت، بۆیە هەتا بۆیان بكرێت دەیانەوێت كۆنگرە نەكرێت ، ئەوەش لە بەرژەوەندی شەخسی تەسكی خۆیانە، بۆیە نابێت بەرژەوەندی یەكێتی كە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە بخەیتە خزمەت بەرژەوەندی تەسكی شەخسی خۆتەوە، لەبەر ئەوە یەكێك لە كێشەكان كە هەندێكیان مكوڕ نین بۆ كۆنگرە بابەتی شەخسەكانە" .
لە رۆژانی رابردوودا لەنێو راگەیاندنەكانەوە دەقی نامەیەكی دیارترین سەركردەی حزبەكە، هێرۆ ئیبراهیم بۆ جێگری سكرتێری گشتی حزبەكە، كۆسرەت رەسول عەلی و دواتریش وەڵامی نامەكەی ئەمەی دووەم بۆ یەكەم بڵاو كرایەوە كە تایبەت بە پرسی بەستنی كۆنگرە و رەخنە و نیگەرانییەكانیان بە ئاشكرا لە نامەكانیادا باسكردووە.
قادر عەزیز لە بارەی ئەو ناكۆكییانە و ئاشكراكردنی دەقی نامەكان لە رێگەی راگەیاندنەوە دوا و گوتی: "لەناو یەكێتی كێشە ناگاتە لووتكە ، بەڵام خراپە و ئەوەی بووە نەدەبوو ببوایە، نەدەبوو نامەی بەرپرسەكان بڵاو بكرێتەوە و بەو شێوەیەش وەڵام بدرێتەوە ، چونكە نامە و نامەكاری بۆچییە لەكاتێكدا رۆژانە یەكتری دەبینین و دەكرێت ئەوەی لە نامە باسی دەكەیت هەڤاڵانە باسی بكەیت ، هیچ كێشەیەكیش لە دنیا نییە بە راگەیاندن چارەسەر بكرێت، تا كێشەكان بدەیت بە راگەیاندن كە ئاڵۆزتریان دەكات ، لەناو یەكێتیش خەڵكەكە ناڕازییە لەم نامە و نامەكارییە ، ئومێددەكەم ئەوە كۆتایی بێت.
یەكێتی توانای چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەی هەیە، چونكە جۆرێك لە دیموكراسی و ئازادی و هەڤاڵیەتی هەیە كە ئەگەر ناكۆكیش بن ئەوا دواتر هەر هەڤاڵی یەكترن و هەر یەكێتین.
سەبارەت بە كاریگەری ئەو ناكۆكییانەش لەسەر ئەنجامەكانی حزبەكە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، بەرپرسەكەی یەكێتی لە وەڵامدا گوتی: "هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بۆ هەموو حزبەكان وەك یەك وایە ، بەڵام بۆ ناوخۆی یەكێتی پەیوەندی بە كۆنگرەوە هەیە ، دۆخی یەكێتی خراپە و دۆخی كوردستان خراپە ، شكستمان خواردووە لە ئەنجامی ریفراندۆم و ناوچەی گەورەمان لەدەستداوە، دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك خراپە ، كادری حزب ژیانی خراپە ، ئەگەر هەوڵ نەدەیت بەشێكی كێشەكان چارەسەر بكەیت و خۆت رێك نەخەیتەوە و ئامادەكاری نەكەیت بۆ هەڵبژاردنەكان ، ئەوا بە دڵنیاییەوە زیاتر زیان دەكەیت و رەنگە پێگەی جاران بەدەست نەهێنیتەوە، یەكێتی حزبی خەڵكە و خەڵك و كادری خۆی هەیە ، بەڵام سەركردایەتیش گرنگە كە بتوانێت بە شێوەیەكی سەركەوتوو حزبەكە بەڕێوە ببات".
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1975 تا ئێستا تەنها سێ كۆنگرەی بەستووە، بڕیاربوو لە ساڵی 2014 كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام بە هۆی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەوە تا ئێستا نەیتوانیوە رۆژ و وادەی بەستنی كۆنگرەكە دەستنیشان بكات.
news_share_descriptionsubscription_contact

