Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2018
سلێمانی ـ AA
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەشواق جاف راگەیاند "بە ھۆی نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانانەوە ھەروەھا بە ھۆی ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمان پێش دەستپێکردنی کارەکانی پەرلەمان ھێزە سیاسییەکان متمانەیان بە یەکتر نییە و ئەو گومانانەی لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەیە و ھەندێک دەڵێن ساختەکاری تیادا کراوە و تا ئێستاش دەستەی دادوەری بڕیاری خۆی نەداوە لەسەر ئەو سکاڵایانەی پێشکەش کراون، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری لەسەر کارەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی یاسادانان نەماوە و رەنگە حکوومەتیش ئەو ھەلە بقۆزێتەوە، ئەمەش وای کردووە دۆخەکە نادیار و ئاڵۆز بێت".
ئەشواق جاف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە کاریگەری خراپی لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت بۆ داھاتوو، بە حوکمی ئەوەی پێشوەختە متمانە نییە بە ھێزەکان لە نێوان خۆیان و بەو پەرلەمانەش کە پێکدەھێنرێت لە خولی چوارەمدا، ئەم خولەش سیفەتێکی مەدەنی وای تیادا نییە وەک خولەکانی پێشوو، ئەوەش بە ھۆی ئەوەی ئەو ھێزانەی چەکدارن ژمارەیەکی زیاتری کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە و کاریگەری سلبی لەسەر داھاتووی پڕۆسەی سیاسی عێراق دروست دەکات".
ئەشواق جاف کە لە ماوەی دوو خولی رابردوو پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرلەمانتار بووە و ئەزموونی ھەشت ساڵ کارکردنی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ھەیە، باس لەوە دەکات دەستپێکردنی کارەکانی خولی نوێی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.