ھەولێر
بەپێی بڕوای پارتی دیموکراتی کوردستان، سنووری ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش ١٠٥٠ کیلۆمەترە، حەفتا جار لەو سنوورە درێژتر و زیاترە کە ھەرێم لەگەڵ عێراق ھەیەتی، ئێستا تەنیا ١٥ کیلۆمەترە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێمن ھەوارمی لەبارەی سووربوونی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی راپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عێراق بە عەمەلیی دابەش بووە و بەغدا کۆنترۆڵی بەسەر رومادی و فەلوجە و موسڵ و تکریت و ھەرێمی کوردستاندا نییە، حکومەتی عێراق چەند ناوچەیەکی زۆری لە دەستچووە و بەدەستی ناھێنێتەوە، ھۆکاری ئەو دابەشکردنەش لە ئەستۆی سەرۆکوەزیران نوری مالیکییە."
هەورامی گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازی دەکات لە نێوان ھەڵوێستی رەسمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسێکیدا، یەکێتی ھاوڕایە لەگەڵ ھەڵوێستی بارزانی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان چونکە شەریکێکی بنەڕەتییە لە کابینەی ھەشتەم، ھاوکار و ھاوڕابوون لەگەڵ سەرکردایەتی ھەرێم."
ھەورامی پێیوایە سیاسەت و دەسەڵاتی مالیکی کە بە "شکستخواردوو" ناوی دەبات، ھۆکاری ئەوەیە عێراق ببێتە وڵاتێکی فاشیل و گوتی: "مالیکی بەرپرسی ئەوەیە كه لە عێراق روو دەدا، چونکە ئەو سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، وەزیری فیعلی ناوخۆ و بەرگریی، سەرۆکی ئاژانسی ھەواڵگریی عێراقە بۆیە ئەو بەرپرسە لەو دۆخە ئەمنییەی رووی داوه و بەرپرسیشە لەو دۆخە سیاسییەی وایکرد کورد نەبێتە شەریکی راستەقینە لە عێراق و مادە دەستورییەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەكرێ. یان بودجەی لێ ببڕێ، ئهمه جیا له دەرپەڕاندنی سەرکردە سونییەکان و پەراوێزخستنی سوننە و تەنانەت نادیدەگرتنی بەشێ لە ھاوپەیمانە شیعییەکانیشی. ئێستا عێراق ئیتر ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ٩ی حوزەیران."
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکانی کورد بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەڵێ: "کاتەکە بۆ کارکردن لەسەر ئەو دۆسێیە ھەرێمی کوردستان جاران سنووری لەگەڵ حکومەتی عێراق بوو، بەڵام ئێستا ١٠٥٠ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی - داعش ھەیە، تەنیا ١٥ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ حکومەتی عێراق ماوە، بۆیە لەرووی ئەمنییەوە ھەڕەشەی زیاتر لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، سنووری ھەرێم ئێستا لەگەڵ دەوڵەتێکی ترە بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەوەی لە عێراق ھاتۆتە ئاراوه، تەواو جیاوازە و دەبێ کورد کاری خۆی بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنی ھۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە دەبێ و بەرژەوەندیی دراوسێکانی و وڵاتانی جیھانیش دەپارێزێ."
لەمەڕ پاڵپشتی نێودەوڵەتی کە مەسەلەیەکی گرنگە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی، ھێمن ھەورامی پێی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو فاکتەرێکی کارتێکەر لە ھاوکێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەماشای کوردستان دەکات و گوتی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستا گۆڕاوە و دنیای دوو جەمسەری نییە، بەڵکو فرەجەمسەرییە، ئاراستەکانی باڵانسی ھێز لەناوچەکە گۆڕاون و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تەحەدیاتی زۆر تازەتردایە، ریزبەندی ھێزیش لە رۆژھەڵات گۆڕاوە ھاوکات تێگەیشتنێکی باشتر بۆ مەسەلەی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەیە. رۆڵی ھەرێمی کوردستان لەبارەی راپەرینی گەلانی سوریا و ئیدارەدانی ئەو دۆسێیە و پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ دراوسێیەکانی و عێراق وای کردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تێگەیشتنێکی باشتر بۆ مەسەلەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتەکەی ھەیە."
لەمەڕ پاڵپشتیی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی وڵاتان بۆ ئەو دەوڵەتەی کوردی بە نیازی دامەزراندنییەتی ھەورامی گوتی: "نازانم و ناتوانم بڵێم بە دیاریکراوی چەند وڵات پاڵپشتیی دەکەن یان نا، ئێمە وڵات بە وڵات بۆ ئەو مەبەستە نەگەڕاوین، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەگەر بەشێک لە وڵاتانی جیھان لەگەڵیشمان نەبن، بە ئاشکرا یان نھێنی دژایەتییمان ناکەن. ئێستا تورکیا دراوسێیەکی زۆر ستراتییژییە بۆ ھەرێمی کوردستان، لێدوانی جێگری سەرۆکوەزیران زۆر پۆزەتیڤن لەبارەی دەوڵەتی کوردستانەوە، ھەرێمی کوردستان و تورکیا تێگەیشتن و ئەزموونی کاری پێکەوەیی باشیان لە دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراسییانە بۆ پرسی کورد لە تورکیا ھەیە، بێجگە لە پەیوەندییەکی پتەوی بازرگانی نێوانیان، بۆیە تورکیا و ھەرێم تێگەیشتنی باشتریان دەبێ لەیەکتر و بەردەوام دەبن لە راوێژ و پرس و را گۆڕینەوە."
سەبارەت بە ھەڵوێستی ئێران هەورامی گوتی: "تائێستا ئێران لەبارەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانەوە بێدەنگە و ھیچ بەرپرسێکی ئەو وڵاتە نەیگووتووە دژی ھەنگاوەکە دەبن."
لەبارەی وڵاتانی عەرەب باسی لە ئارەزووی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ پەیوەندیی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەگشتی و گوتی: "دەبێ عەرەبەکان باشتر تێبگەن لەوەی مانەوەی عێراق بە یەک دەوڵەتی عروبە فاشیلە، دەبێ بزانن سیاسەتی نێوان سوننە و شیعە ناھێڵێ عێراق وەکو خۆی بمێنێتەوە، لە جیاتی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی شیعە و کورد رەت بکەنەوە، باشترە لەو دۆخە نوێیە و ھەنگاوەی کورد تێبگەن. وڵاتانی جیھان دڵنیا بن کە دەوڵەتی کوردستان ھیچ زیانێک بە سیستمی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەقامگیرییەکەی ناگەیەنێ، بە پێچەوانەوە ئەو دەوڵەتە فاکتەری سەقامگیریی و ئاسایش دەبێ و ھاوپەیمان دەبێ بۆ پاراستنی دیموکراسییەت و مافی کەمینەکان و دژایەتیکردنی تیرۆر. وڵاتانی جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێگەیشتنێکی باشیان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ھەیە، ئەو دەوڵەتە بە ھۆکاری سەقامگیریی نەک ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەییان دەزانن، ئێمە ئێستا دەمانەوێ ئەو پەیامە بگەیەنین کە دەوڵەتی کوردستان بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەپارێزی."
گوتیشی: "جاران لە گفتوکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان بە ناراستەوخۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەوڵەتی کوردی قابیلی باسکردن نەبوو، بەڵام ئێستا تێگەیشتنی باشتر ھەیە لەسەر داواکاریی رەوای کورد بۆ ئەو دۆزە. ئیستا ئەوانەی پێیان باش نییە، رەتیشی ناکەنەوە، بەڵکو قسە و تێبینییان لەسەر کات و میکانیزمەکەی ھەیە بۆیە پشتیوانی نەکردنیان مانای دژایەتی ناگەیەنێ."
لەبارەی ھەڵوێستی سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان لەمەڕ پاڵپشتی راگەیاندنی ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ھێمن ھەورامی دەڵێ: "ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە و ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی خۆیان بکەن باشترە، ئێمە نە جوگرافیامان ھاوبەشە و نە ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەواندا ھەیە."
ھەرچی ھەڵوێستی ویلاەیەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکایە کە چەند جارێکە باس لە نارازیبوونی لە دابەشبوونی عێراق دەکات، ھێمن ھەورامی گوتی: "ئەمریکا وڵاتێکە تەنیا دانی بە دەوڵەتی تالیباندا نەناوە، ئەگەر نا ھەر دەوڵەتێک دامەزرابێ دواتر دانی پێداناوە، بۆ نموونە ئەمریکا دژی ھەڵوەشاندنەوەی یوگسلافیا بوو، دواتر دانی بە ھەر شەش وڵاتەکەدا نا. لێرەدا یەکڕیزی نێوخۆیی و دۆسێکانی کورد لە قوربانیدان و رەوایەتی مەسەلەکە، ھۆکاری سەرەکی و پاڵنەری باشە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت، ئەو کۆدەنگی و یەکریزییەی کە ئێستا ھەیە زۆرگرنگە."
بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان کە ھەرێمی کوردستان دوای ٩ی حوزەیران کۆنترۆڵی کردوون دوای کشانەوەی سوپای عێراق ھەورامی گوتی: "ئەو ناوچانە کوردستانین و بەھیچ شێوەیەک گومانمان لێی نییە، کە مادەی ١٤٠یشمان قبوڵ کرد مەبەستمان بوو لەرێی دەستور و یاساوە بگەڕێنرێنەوە بۆ کوردستان، کورد ئێستا دەنگی زۆرینەی ھێناوە لەو ناوچانە و بەپێی ئەنجامەکانی دوایین ھەڵبژاردن ئەوەش بەڵگەی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانەیە."
هەورامی گوتی: "بەپێی دەستووری عێراق پرۆژەیاسای کۆمیسیۆن کە یاساکەی لە پەرلەمانە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، دروست دەکەین، پاشان یاسایەک دەربکرێ بەناوی یاسای راپرسی یان گشت پرسی، دوای ئەویش دەبێ یاسایەکی تر بۆ زامنکردنی کەمینەکان لە کوردستان پەسەند بکرێ، ھەر کاتێ بڕیاری دروستکردنی دەوڵەت درا داوا لە یو ئێن و یەکێتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی و دۆستەکانمان دەکەین بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی پرۆسەی ریفراندۆم، بێنە ھەرێمی کوردستان و چاودێری و سەرپەرشتی بکەن."
لەکۆتایی قسەکانیدا ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێمن ھەورامی لەمەڕ کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و سووربوونی مالیکی لە گرتنەدەستی پۆستەکەی بۆ ویلایەتی سێیەم دەڵێ: "بە دوو ئاراستە کاردەکەین، ھەموو زەمینە سازییە یاسایی و دەستوریێەکان دەکەین تا ھەرێمی کوردستان بەرەو بڕیاریدانی چارەنووس بچێ، ھەروەھا یارمەتیی سونە و شیعە دەدەین بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بین، بەڵام ئومێدێکی وا نەماوە ببینە شەریکی راستەقینە بەتایبەت لەگەڵ سووربوونی مالیکی لەسەر خۆ کاندیدکردن بۆ ویلایەتی سێھەم."
سەبارەت بە بوونی جیاوازی لە ھەڵوێستەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو گەورەترین پارتی سیاسی لە ھەرێم ھێمن ھەورامی دەڵێ: "پارتی جیاوازی دەکات لە نێوان ھەڵوێستی رەسمی یەکێتی و بەرپرسێکیدا، یەکێتی ھاوڕایە لەگەڵ ھەڵوێستی بارزانی و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی شەریکێکی بنەڕەتییە لە کابینەی ھەشتەم، ھاوکار و ھاوڕا بوون لەگەڵ سەرکردایەتی ھەرێم، ھەڵوێستی بەشێ لە بەرپرسانی یەکێتی بە ھەڵوێستی شەخسی دەزانیین، دەبێ یەکێتی خۆی وەڵامی ئەو بەرپرسانەی بداتەوە کە لە دەرەوەی ئیجماعی کوردی قسە دەکەن."
news_share_descriptionsubscription_contact

