Sarmand Hameed
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر پشتیوانیکردنی راگەیەندراوی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، عەلی سیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرهەم ساڵح جەختدەکاتەوە کە ئەم ھەڵبژاردنە چارەنوسسازە بۆیە پێویستە رێوشوێنی تۆکمە بگیرێتەبەر بۆئەوەی دەرەنجامی باوەڕپێکراو و متمانە بەخشی لێبکەوێتەوە و لەو سۆنگەیەوە بەرنامەی حکوومەت لە ھێنانەدی دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکرێت و رووبەڕووونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران ببێتەوە و ھۆکارێک بێت بۆئەوەی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان پتەو بکات و شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و چەکیش لە دەستی حکوومەتدا بهێڵیتەوە.
لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی پەیڕەوکردنی نەخشەرێگایەکی گونجاو بۆ سازکردنی هەڵبژاردنەکان کە سەرەتا بە تەواوکاری یاسای هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەست پێبکات و ھەروەک چۆن دەستەبەری نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل بکات لە سەرانسەری عێراق بەجۆرێک رەنگدانەوەی ویستی ئازادانەی تەواوی رۆڵەکانی گەل بێت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بەبێ هیچ فشار و گوشارێک کە ئەمەش وادەکات دەرنجامەکەی هاوتابێت لەگەڵ ویستی گەل بەئاڕاستەی گۆرانکاری و پابەندبوونی تەواو لە بابەتی نوێنەرایەتیان لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەرهەم ساڵح راشیگەیاندووە، قۆناغی دوای تەواوکاری یاسای ھەڵبژاردنەکان، قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دێت کە قۆناغێکی گرنگترە ئەویش بریتییە لە دەستەبەرکردنی پاکترین و بێگەردترین پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجەش پێویستە رێوشوێنی یەکلاکەرەوە و بنبڕ بگیرێتە بەر بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری لە پرۆسەکەدا، کە چارەنووسی ھەموو رۆڵەکانی گەلی عێراقی پێوە گرێدراوە.
بەرهەم ساڵح دووپاتیکردووەتەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو گرنگن چونکە دوای ئەو خۆپیشاندانە میللیانە دێت کە داوای چاکسازی و گۆڕانکاریان کرد و خواستیانە هەڵبژاردنی داهاتوو رەنگدانەوەی رای گشتی و نیشتمانی و داواکاری بۆ واقعی نوێی ژیانی نوێی سیاسی بێت لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری شایستە بە گەلی عێراق و بەردەوامکردنی رەوتی کاروانێکی ئاشتیانە لە بەدیهێنانی چاکسازی بەڵیندراو.
ھەروەھا سەرکۆماری عێراق ئاماژەیداوە بە گرنگی دەستەبەرکردنی دەرفەتی بەشداری هاوتا و یەکسان لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرجەم هاوولاتییان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە کردووەتەوە لە رێگای نەھێشتنی گرفتە تەکنیکی و یاسایی و کارگێڕییەکانەوە بۆئەوەی پڕۆسەکە بەجۆرێک بێت تاوەکو ئاوارە و لێقەوماو و دەربەدەر و ئەوانی دیکەش دەرفەتی بەشداریکردنی ھاوسەنگیان بۆ فەراھەم بکرێت.
لەبەشێکی دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی هەماهەنگیکردنی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی چاودێریکردنی کۆی قۆناغەکانی هەڵبژاردن بۆ چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد و پتەوکردنی متمانە ھاووڵاتییان و دڵنیایی لای دەنگدەران بەھەڵبژاردنەکان کە ئەمەش خواستێکی گشتی میللی و سیاسی و نیشتمانییە.
هەر لەو دیدارەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستی پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارگێری و دارایی و بەهێزکردنی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان لە پرسی سنووردارکردن و ھێشتنەوەی چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا، ھاوکات جەختکراوەتەوە لە ئامانج و ئیرادەی چاکسازیکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری عێراق و ئاستەنگییەکانی بەردەمی و پارێزگاریکردنی سەروەرییەکەی و ریگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان کە ئەمەش مافێکی نیشتمانییە و دەبێتە دەستپێکی ھاوبەشی نیشتمانی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی گرنگ.