Hemn Baban
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2016
مەسعود بارزانی گوتی: "كوڕان و كچان بۆ پاراستنی كوردستان لە مەترسی بۆ هەموو جیهان ئیسپاتییان كرد كە كوردستان لە هەموو شت شیرینترە".
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاهەنگی كۆتاییهاتنی خولی 21ی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ لەو قەزایە بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات سەركردەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمیشە لەگەڵ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و فەرماندە مەنسور بارزانی و ژمارەیەك كونسوڵی وڵاتانی بیانی و ژمارەیەكی زیاتر لە كەسایەتیی سەربازی و سیاسیی هەرێم و كەسوكاری دەرچووان بەڕێوەچوو.
ئاهەنگەكە بە سروودی ئەی رەقیب و خوێندنی سوورەتی فاتیحە بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان و چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد.
فەرماندەی كۆلێژی سەربازیی دوو لە زاخۆ فەریق شەهاب ئەحمەد لە وتارێكدا بەو بۆنەیەوە یادگارییەكی بیری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبووانی ئاهەنگەكە هێنایەوە كە لەساڵانی نەوەدەكاندا مەسعود بارزانی پێی گوتووە رۆژێك دێت ئەو ئەكادیمیایە لە هەموو عێراقەوە قوتابی وەردەگرێت.
گوتیشی: "سوپاس بۆ خودا لە هەموو ناوچەكانی عێراقەوە قوتابی هاتوون بۆ ئەم ئەكادیمیایە و لێیەوە دەرچوون لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف و ناسرییە و كوت و مووسڵ و باقووبە و شوێنەكانی دیكەش، لێرە تاوەكو ئێستا سێ هەزار و 110 قوتابی عەرەب پلەی ئەفسەریان وەرگرتووە و سێ هەزار و 87 قوتابی لە دانیشتووانی كوردستانیش هەمان پلەیان لێرە وەرگرتووە و فێری هونەرەكانی جەنگ و بەرگری بوون".
ناوبراو گوتیشی: "بەهەموو توانایەكمانەوە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ پێشخستنی ئەكادیمیا و توانیومانە بیگەیەنینە ئەوەی ببێتە یەكەم لەسەر ئاستی ئەكادیمیا سەربازییەكانی عێراق".
لەبارەی ئاهەنگەكەشەوە گوتی: "ئەم خولە كە خولی 21ی ئافرەتانە ساڵێك دەبێت ئەم قوتابییانە لێرە مەشق و راهێنان و وانە وەردەگرن".
فەریق شەهاب ئەحمەد لە درێژەی قسەكانیدا كە ئاژانسی ئانادۆڵو تۆماری كردووە سوپاسی سەرجەم ئەفسەران و قوتابیان و كارمەندانی كرد و پێزانینی بۆ ماندووبوونییان دەربڕی.
لێرە لەم ئەكادیمیایە كەشێكی تەواو سەربازیی درك دەكرا ئامادەبووان لە نێویاندا سەرۆكی هەرێم كە بە حوكمی سەركردەی هێزە چەكدارەكان ئامادەی مەراسیمەكە بوو، لەگەڵ زۆرینەی هەرە زۆری میوانان، لە ئەكادیمیاكەی قەزای زاخۆ ئەمڕۆ 201 كچ لە پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان پلەی ملازمی دوویان پێ بەخشرا، لێرە مارشی سەربازی و چەك و شمشێرەكان زاڵن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە وتارێكدا لەو ئاهەنگە بۆ ئامادەبووان پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولەكە كرد و ئەمڕۆشی بە رۆژێكی خۆش ناوبرد، ئومێدی خۆشی نەشاردەوە لەوەی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەو دەرچووانە بۆشایی زۆر پڕبكەنەوە هاوشانی برایانیان.
گوتیشی: "ئەو رۆژەی بڕیارمان دا لە ساڵی 1996 ئەكادیمیای سەربازی دابمەزێنین زاخۆمان دیاری كرد و بڕیارەكە لە جێی خۆی بوو و راست بوو، ئێوە ئەمڕۆ درێژەپێدەری هەمان شۆڕش و خەباتی باوك و باپیرانی خۆتانن".
بارزانی لە درێژەی قسەكانی كە وەكو سەركردەی هێزە چەكدارەكان ئامادە بووبوو گوتی: "لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كوڕان و كچان بۆ پاراستنی كوردستان لە مەترسی بۆ هەموو جیهان ئیسپاتییان كرد كە كوردستان لە هەموو شت شیرینترە، ئێستا كوردستان بووەتە هێمای بەرخودان و تێكشكانی ئەفسانەی داعش".
بارزانی بۆ دەرچووانی خولەكەش گوتی: "ئەمڕۆ ئەستێرەیەك دەخرێتە سەر شانتان كە وتایەكی گەورەیە واتای پاراستن و بەرخودانی كوردستانە و ئومێد دەكەم ئەو ئەمانەتە بەجێ بگەیەنن".
هاوكات سوپاسی دایك و باوكی ئەو كچانەی دەرچووی خولەكەش بوون كرد و گوتی: ئەمڕۆ دەرگا كراوەیە".
ئومێدیشی خواست ئەو دەرگایە كە بە دەرگای گەورەی ناوبرد و ئەو كچانە شكاندوویانە كچانی دیكەش بیكەنەوە و پەیوەندیی بەو بوارە بكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی سەرباری سوپاسكردنی فەرماندەی ئەكادیمیاكە و ئەفسەران و سەرپەرشتیارانی سڵاویشی بۆ گیانی شەهیدانی پێشمەرگە نارد و گوتی: " ئەمڕۆ 69 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تێدەپەڕێت كە پێشەوا قازی محەمەد ئەو ئاڵایەی تەسلیمی بارزانی كرد كە ئەمڕۆ ئێمە لە ژێر سێبەریدا بە سەربەرزی و سەرفرازی دەژیین".
لە كۆتاییەكانی مەراسیمەكە بڕیاری دەرچوون لە خولەكە بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە و پاشان سوێندی یاسایش تەواوكرا، بارزانی بۆ خۆشی دیاریی بەسەر سەركەوتووانی خولەكە دابەش كرد.