واشنتۆن
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان فەلاح مستەفا دوای ئەوەی بەمەبەستی ئەنجام دانی چەند کۆبوونەوەیەکی رەسمی سەردانی واشنتۆنی کرد وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
سەرەتا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە لە زۆر قۆڵەوە روبەڕوو بوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش بەردەوامە و لەو چورچێوەشدا پێشمەرگە رەوانەی کۆبانێ کراوە و سوپاسی خۆشی بۆ بەرپرسانی تورکیا نارد و ئاشکرای کرد، ئەگەر تورکیا رازی نەبوایە، ئەوە نەدەکرا هێزی پێشمەرگە رەوانەی کۆبانێ بکەن و خۆشحاڵی خۆشی دەربری بەرامبەر بەو رۆڵەی کە تورکیا لەئەستۆی گرتووە، بۆ هاریکاری کردن و رایگەیاند ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە پێکەوە بۆ بەرژەوەندی هاوبەش دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش دەجەنگین.
مستەفا لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی پێکەوە کارکردن دەکات لەدژی داعش چونکە ئەوان بوونەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر هەموولایەک و بەزاندنی ئەو گرووپە تیرۆریستیەی بەکاری هەموولایەک زانی و راشیگەیاند کە ئەگەر پێویست بکات ئەوە هێزی تری پێشمەرگە رەوانەی کۆبانێ دەکەن.
فەڵاح مستەفا ئاماژە بەوەدەکات کە لە پرسی رووبەڕوو بوونەوەی داعشدا پێشمەرگە رۆڵی شەرەفمەندییەکی راستەقینە دەگێڕێت و شانازی بە پێشمەرگەوە دەکەن.
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو مستەفا ئاماژەی بە پێویستی چەکی قورس کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئەویش بەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی داعش و گوتی:
"ئێمە خۆشحاڵ و سوپاسگوزارین بۆ ئەو یارمەتی و پشتگیریانەی کە تا ئێستە بەدەستمان گەیشتوون، هاوکات شانازیش دەکەین کە ببینە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی دژی تیرۆرستان دەجەنگن."
ناوبراو ئاشکرای کرد کە هەنگاو بەهەنگاو بەرەوپێشچوون تۆمار دەکەن لە شەڕ دژی داعش و زۆرێک لەو شوێنانەی کەوتبوونە دەست داعش سەرلەنوێ ئازاد کراونەتەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی چەکی قورسەوە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بەشێوەی هەماهەنگ کار بکەن.