Hemn Baban
30 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2016
هه‌ولێر-AA
مام جه‌عفه‌ر یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی ئامێرهکە ده‌ستكردی چه‌كداره‌كانە و بۆ کارکردنی چه‌ندین ئه‌مپێری كاره‌بای ده‌وێت.
له گوندی تیسخراپی بچووك كه یه‌كێكه له گونده‌كانی سه‌ر به ناحیه‌ی باشیك كه كه‌متر له 12 كیلۆمه‌تر شاری مووسڵه‌وه دووره و ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و شاره چه‌كدارانی داعش چه‌ندین پاشماوه‌یان به‌جێ هێشتووه، سه‌رباری تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر رزگاركردنیدا، هێشتا شوێنه‌واری ئه‌وان به گونده‌كه و ناوچه‌كه‌شه‌وه ماوه.
له‌و گونده چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به"داعش" كه سه‌دان ئه‌فسه‌ر و لایه‌نگری رژێمی پێشووی عێراق و په‌یڕه‌وانی بیری سه‌دام حوسێن له خۆ ده‌گرێت و شاره‌زایی ته‌واوی سه‌ربازیی و چه‌كییان هه‌یه و به‌شێكیشیان له‌و كه‌سانه‌ن كه له ده‌سته‌ی پیشه‌سازیی سه‌ربازی بوون ئامێرێكیان له‌دوای خۆیان به‌جێهیشتووه كه پێده‌چێت سوودی زۆری پێگهیاندبێتن، ئه‌و ئامێره بۆ هه‌ڵكه‌ندنی تونێل به‌كاردێت.
حهفارهكهی داعش وه‌كو پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و گونده ناوییان لێ نابوو چه‌ندین تونێلی له شوێنه‌كه‌ی ئێستایه‌وه پێ لێدراوه، پێشمه‌رگه‌كان باسیان له‌وه ده‌كرد كه ئامێره‌كه ده‌ستكردی خۆماڵییه و به‌شێوه‌یه‌كی وا دروستكراوه كه كاری چه‌ندین رۆژ به ماوه‌یه‌كی كه‌م بكات، تۆنێل ههڵكهنهكه بریتییه له ده‌زگایه‌كی ئاسایی سه‌رێكی خری پێوه‌یه نزیك به نیو مه‌تر تیرهكهیهتی و له‌شێوه‌ی سینییه‌كی قوڵدایه كه‌هه‌موو لێوه‌كانی به ئاسنی تیژی ئه‌ستوور تیژكراوه، ئه‌و سه‌ره‌ش به درایڤەر شه‌فتی ئۆتۆمبیل به‌ستراوه‌ته‌وه و له‌و سهریشییهوهیه واته له كۆتاییه‌كه‌ی ماتۆڕێكی گه‌وره‌ی ئاو به‌سه‌ر خستن هه‌یه كه هه‌موویان له‌رێگه‌ی كاره‌باوه كار ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به سه‌روو بیست ئه‌مپیر كاره‌با هه‌یه تا كاری پێ بكرێت.
ئامێره‌كه له‌دوای چه‌ند مه‌ترێكی كه‌م له سه‌ر زه‌وییه‌وه دواتر ده‌برێته ژێر زه‌وییه‌وه و كاری خۆی ده‌كات، پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و شوێنه له نزیك ئه‌و ئامێره‌وه چه‌ندین تۆنێلیان پێ نیشانداین كه ئه‌و ئامێره ئاسانكاری هه‌ڵكه‌ندنی بۆ كردوون.
مام جه‌عفه‌ر زیاره‌تی، یه‌كێكه له فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی له‌وه ده‌كرد كه ئامێره‌كه له‌رێگه‌ی كاره‌باوه كار ده‌كات و له‌و شوێنه‌ی ئه‌و ئامێره‌شی لێ بوو چه‌ندین موه‌لیده‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای لێ بوو، به‌هۆی به‌هێزیی ئامێره‌كه‌وه پێده‌چوو به‌شێك لەو موەلیدانەی لهكارخستبێت.
زیاره‌تی گوتی: "ئامێره‌كه ده‌ستكردی خۆماڵییه، چه‌كدارانی داعش ویستوویانه ئامێری گه‌وره‌تر له‌وه‌ش دروستبكه‌ن، به‌ڵام فریا نه‌كه‌وتوون، ئێستا پارچه‌كانی ئه‌و ئامێرانه‌ی ده‌یانویست هاوشێوه‌ی ئه‌و حه‌فاره‌یه دروستی بكه‌ن لێره‌یه، ئه‌م ده‌زگایه كاری زۆری بۆ ئاسان كردوون".
له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌ی لێیه چووینه نێو یه‌كێك له خانووه‌كانی گوندی تیسخراپی بچووك و له‌وێ بینیمان ئامێره‌كه چه‌ند به‌كه‌ڵكی داعش هاتووه، له‌نێو دوو ژووری خانوویه‌كدا خۆڵێكی زۆر هه‌ڵدراوه‌ته‌وه كه له ژوورێكیان ده‌رهێناوه به‌هۆی چاڵكردنی زهوییهكهیهوه، سه‌ره‌تای تونێلێكی چه‌ند سه‌د مه‌تریی لێره‌وه‌یه، لێره له‌سه‌ر دیواره‌كانیش ناوی چه‌ندین ئه‌ندازیار و چه‌كداری داعش هه‌ن كه به‌شێكیان پێده‌چوو توركمان بن وه‌كو له ناوه‌كانییان دیار بوو بهدیوارهكهیهوه، ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی دروشمه‌كانی "الدوله الاسلامیه باقیه" و"الله اكبر" و زۆر شتی تریش هه‌بوون.
چه‌كدارانی داعش بۆ هێرشكردنه سه‌ر سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت چه‌ندین ئامێر و چه‌ك و بۆمبی خۆماڵی به‌كارده‌هێنن كه ده‌ستكردنی خۆیان و شارهزاكانییانه له ئه‌ندازیارانی سه‌ربازی و ئه‌ندازیارانی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی و ئه‌وانی دیكه، هه‌ر بۆیه‌شه ئێستا گومانی زۆر ده‌كرێت داعش له‌رێگه‌ی ئه‌م شاره‌زایانه‌وه چه‌كی كیمیایشی دروستكردبێت.
زۆر جار ئه‌و چه‌كانه‌ی داعش كه‌لوپه‌لی سه‌ره‌تایی تێدا به‌كاردێت، زۆر جار ئامێر و چه‌كی ساده‌ن، به‌ڵام بیرۆكهكانییان جێی سه‌رنجه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌و شوێنانه ده‌بینرا ده‌زگای هه‌ڵدانی مووشه‌كیش به‌جێ مابوون كه ئه‌مانیش ده‌ستكردی خۆیان بوو.
له‌و شوێنه‌ی ئه‌و ئامێره‌ی لێ‌بوو پێشمه‌رگه‌كان چه‌ند پێنج هه‌زار و ده هه‌زار دینارییهكی سووتاوییان پێ نیشانداین كه هی یه‌كێك له چه‌كدارانی داعش بووه و له‌سه‌روبه‌ندی رزگاركردنی گونده‌كه له‌نێو ئۆتۆمبیلێكدا خۆی ته‌قاندووه‌ته‌وه.