hemn husain
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2015
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر رایدەگەیەنێت كە سێ لەسەدای خاكی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعشدا ماوە و ئاماژە بەوەش دەكات كە بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەبێت دانیشتنێك هەبێت لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێشتا ئەم دانیشتنە نەكراوە.
لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر گوتی: "دوێنێ كۆبوونەوەیەكمان ساز كرد بە سەرپەرشتی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت كەریم سنجاری كە درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی پێشووە كە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان هەر دوو هەفتە جارێك ئەنجامدەدرێت، لە كۆبوونەوەكاندا باسی هەلومەرجی بەرەكانی شەڕ دەكرێت واتا هەڵسەنگاندنێك دەكرێت بۆ هەموو بەرەكانی جەنگ لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتیی هەروەها باسی مەسەلەی مەشق دەكرێت واتا مەشقكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتۆتە كوێ و چ جۆرە مەشقێك دەكرێت هەروەها باسی پێداویستییەكانی سەربازی دەكرێت لە رووی چەك و تەقەمەنی و كەرستەی سەربازی".
سەبارەت بە وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی شاری مووسڵ، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "بۆ مەسەلەی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی شاری مووسڵ دانیشتنی تایبەت هەبێت و هێشتا ئەم دانیشتنە نەكراوە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "لە ئێستادا لەسەدا سێی خاكی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعشدا ماوە".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی حەویجەوە دەكرێت كە گوایا هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنەیان كردووە، جەبار یاوەر بێ ئاگایی خۆی لەو هەواڵە دەربڕی و گوتی: "ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنە نین و نە ئاگادار كراوین و نە تێیدا بەشدار بووین و هێچ زانیارییەكمان لەمبارەیەوە نییە".
جێگەی ئاماژەیە دوێنێ بەسەرپەرشتی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت كەریم سنجاری و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر و سەرۆك ئەركان و ژمارەیەك لە ئەفسەر و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەرانی هێزی هاوپەیمانان كۆبوونەیەك ئەنجام درا و تیشك خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی پارێزگای ئەنبار و رزگاركردنی شاری روومادی كە ماوەیەكە لەلایەن سوپا و بەهاوكاری هێزەكانی دیكەی عێراق دەستی پێ كردووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا راپۆرتی بنكەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوبەش پێشكەش كرا كە تێیدا دوا نەخشەی جووڵە و پێشكەوتنەكانی سەربازی و ئاماری بۆردوومانی هێزی ئاسمانی و وێنەكانی ئاسمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق خرانە روو و راپۆرتی ئیدارە و میرە و پەیوەندییەكان و هەماهەنگی پێشكەش كران و سوپاسی ئەو وڵاتانەش كرا كە لەماوەی رابردوودا ئەفسەر و پلەدارانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەرمەشقی هەمەلایەنە پێگەیاندووە.