Muhammet Ali Kemal
30 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2015
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نوعمان کورتوڵموش وێڕای ئاماژەدان بەوەی هەدەپە لە رێگەی هەڵوێستەکەی ئەم دواییانەیەوە رێگەیەکی راستی نەگرتووەتەبەر، رایگەیاند: ''بەداخەوە وا دەبینرێت وەک ئەوەی کە لەرووی گوتارەوە تەسلیمی بەرپرسانی پەکەکە بووبن. ئەمە رێگەیەکی راست نییە. ئەمە رێگەیەکە کە زەمینەی سیاسەت، تەسک دەکاتەوە و ئیرادەی چارەسەر و ئەگەری دۆزینەوەی چارەسەر کەم دەکاتەوە''.
کورتوڵموش لە بەرنامەیەکی کەناڵ٢٤ی وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
نوعمان کورتوڵموش سەبارەت بە مشتومڕی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپەدا لەدوای ئەو روونکردنەوانەی دایان، ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەدەپە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان زمانی سیاسەتی دیموکراتی بەکار بهێنێت. جەختی لەوەشکردەوە هەدەپە کە بووەتە پارتی سێهەمی پەرلەمان لە رووی ژمارەی پەرلەمانتارانەوە، پێویستە پەکەکە لە رووی زمان و چالاکییەکانییەوە رابکێشێتە نێو ئەو رووبەرەی خۆی کاری تێدا دەکات بەڵام دۆخێکێ تەواو پێچەوانەی ئەمە دروست بووە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نەیشاردەوە کە بەتایبەت لەدوای ٢٠ی تەمووزەوە هاوشانی سیاسەتی هەڵکەندنی خەندەقەکان، هەدەپە لەلایەن سەرکردەکانی پەکەکەوە کۆنترۆڵ کران یان فشاریان خرایەسەر و هەر بۆیەش ئەم دۆخە پێچەوانەیە هاتووەتە ئاراوە و رایگەیاند: ''ئەو زمانەی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماردا هەیبوو، بەتەواوەتی نەما و بەداخەوە زمانێکی زۆر توندی سیاسەت، یانی ئەگەر بێت و گوزارشتکردن رێگەپێدراو بێت، دەستیان بە بەکارهێنانی زمانی سیاسی فەرهەنگی پەکەکە کرد. ئەمە تا بڵێیت مەترسیدارە بۆ تورکیا. لە راستیدا ئەوەی لە هەڵوێستەکەی رێکخراوی تیرۆریستی ترسناکترە ئەوەیە کە کادرە سیاسییە هەڵبژێردراوەکان گەیشتبێتنە ئەم خاڵە. هیوادارین کە برادەرانی هەدەپە زمانێکی دیموکراتی لەوبارەیەوە بەکار دەهێنن، لەمەدا سەرکەوتوو دەبن و لەو بارەیەشەوە ژمارەیەک کار دەکەن کە لانیکەم رێگری لە هەندێک سیاسەتی پەکەکە بکات''.