Mazın Asad
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
باتمان
ئێزدییەکان لە کەمپی باتمان جەژنی خۆیان بەسەر برد کە دوای سێ رۆژ رۆژووگرتن دەستپێدەکات.
ساڵی رابردوو ئەوان بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە ناچاربوون شەنگال بەجێ بھێڵن و کۆچ بکەن. ئەمساڵ ئێزدییەکان بەھۆی ئەوەی ھەندێک لە ئافرەتەکانیان لە دەست داعشە و رەوشی ژیانیان نالەبارە بە خەمباری جەژنیان بەسەر برد.
ئێزدییەکان کاتێک لە خاکەکانی خۆیان بوون ئامادەکارییان بۆ جەژن دەکرد، بەڵام دوو ساڵە ئەو ئامادەکارییانە ناکەن و تەنھا شیرینی بە مێوانەکان پێشکەش دەکەن ومنداڵەکانیان جلوبەرگی نوێ لەبەر دەکەن. ھاوکات ھونەرمەندانی باتمان لەم جەژنەدا بە گۆرانییەکانیان پەنابەرانیان دڵخۆش کرد.
یەکێک لەو پەنابەرانە بە ناوی شێخ خەسەت جوردۆ ئاماژەی بەوە دا بە خەمباریی پێشوازییان لە جەژنیان کردووە و ھیوای خواست جەژنەکە ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاشتی و برایەتی و گوتیشی: "پیرۆزبایی جەژنی ئێزدییەکانی شەنگال، باتمان و ناوچەکانی دیکە دەکەم. بەسەربردنی جەژن لە باتمان و شەنگال بێگومان وەک یەک نییە. خەمبارین چونکە کچ و ئافرەتەکانمان لەدەستی داعشە. باوک و منداڵەکانمان لە چیاکان گیریان خواردووە، بەو ھۆیەوە بە خەمباری جەژن بەسەر دەبەین".
جوردۆ باسی ئەوەیکرد کە ئەمڕۆ لە ھەمان کاتدا رۆژی کۆچبەرانی جیھانە و راشیگەیاند ئەو مرۆڤانەی بۆ شوێنێکی دیکە کۆچ دەکەن لە بارێکی نالەبارن و بەو ھۆیەوە ئەوانیش وەک کۆچبەرانی دیکە خەمبارن.
پەنابەرێکی دیکە بە ناوی موحبەت سلێمان تەمەن ٦٥ ساڵ ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەوەی کەسوکارانیان لەدەست داعش رزگار دەبێت ئینجا جەژنی راستەقینە بەسەر دەبن.
سلێمان گوتیشی: "ئەمڕۆ جەژنە بەڵام ئێمە بە خەمباری جەژن بەسەر دەبەین. گشت کەسوکارەکانم لەدەستی داعشە داوا دەکەم رزگار بکرێن. دەمانەوێت بۆ نیشتمانەکانمان بگەڕێینەوە. داعش خاکەکانمانی سوتاند و خێزانەکەم دابەش بوو و بیری گشتیان دەکەم. پێشتر زۆر بە خۆشی جەژنمان بەسەر دەبرد، بەڵام چۆن جەژن بەسەر بەرین کاتێک لە نیشتمان و ماڵی خۆمان دوور بین. بۆ ماوەی سێ رۆژ رۆژوومان گرت ئەمڕۆش جەژنە، بەڵام جەژنەکە وەک ئەوەی دەمانەوێت بەسەری نابەین".