Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موسەننا ئەمین رایگەیاند، زۆرێک لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشێکی گرنگی چەکدارانی حەشدی شەعبی بێلایەن نابن لە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەگەر بەریەکەوتنی راستەوخۆ رووبدات، داواش دەکات عێراق نەبێتە بەشێک لەو ململانێیانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ھەیە تاوەکو ئاسەوارەکانی ئەو ململانێیە لەسەر عێراق رەنگدانەوەی خراپی نەبێت.
موسەننا ئەمین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو پێشەوە دەڕوات، ئەم ململانێیانەش راستەوخۆ کاریگەریان ھەیە لەسەر عێراق کە لە بواری ھاوردەکردنی غازی سروشتی و کارەبا پێویستییەکی تەواوی بە ئێران ھەیە، ھەروەھا لە رووی ھاوردەکردنی کاڵای بازرگانی تریشەوە کە ساڵانە قەبارەکەی دەگاتە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار، رەنگە زۆرێک لەو کاڵایانە پێویست نەبن، بەڵام بۆ غاز و کارەبا عێراق ناتوانێت بێ پێویست بێت لەو دوو پێویستییەی کە زیاتر بەشی ناوەڕاست و باشووری عێراق تەغتییە دەکات، ئەوەش وا دەکات گوشارکردن لەسەر ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گوشارکردنیش بێت لەسەر عێراق".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "عێراق تا ئەو کاتەی بتوانێت جێگرەوە بدۆزێتەوە بۆ ئەو کاڵایانە، دەکەوێتە ژێر کاریگەری زۆرەوە لە بەرامبەردا ئەمریکاش سوورە لەسەر ئەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێران توند بکاتەوە و رەنگە پڕۆژەی تێوەگلانێکی ئیقلیمی بەدەستەوە بێت کە جارێکی تر کاریگەری لەسەر ھەندێک شتی گرنگ بکات لە ناوچەکەدا".
موسەننا ئەمین گوتی: "ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لە عێراق ئەوەیە نەبێتە بەشێک لەم ململانێیە و ئاسەوارەکانیشی لەسەر عێراق رەنگدانەوەی خراپی نەبێت، وەک دەزانین زۆرێک لە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشێکی گرنگی چەکدارانی حەشدی شەعبی بێلایەن نابن لە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەگەر بەریەکەوتنی راستەوخۆ رووبدات، چونکە ئەوان لە رووی دینی و مەزھەبییەوە ئیمانیان بەوە ھەیە مەرجەعیەتی دینیان لە ئێرانە و لەسەر ئەو بنەمایە رەنگە کاردانەوەیان ھەبێت کە ئەوەش مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی ناوخۆی عێراق".
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موسەننا ئەمین بە گرنگی زانی گفتوگۆکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و ناوچەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ئاراستەیەدا بڕوات کە عێراق چیتر باجی شەڕ و ململانێیەکانی خەڵکی تر نەدات، ھەروەھا حکوومەتی عێراقی بە ھەموو رێگایەک ھەوڵ بدات خۆی دوور بخاتەوە لەو ململانێیەی ھەیە کە ئاسەوارەکانی بۆ ناوچەکە بە مەترسیدار ناودەبات.
موسەننا ئەمین بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات عێراق دوای چەندین ساڵ و بەھەدەردانی دەیان ملیار دۆلار لەو بوارانەدا نەیتوانیوە پێویستییەکانی خۆی لە غازی سروشتی و کارەبا دابین بکات و تا ئێستاش لەو دوو بوارەدا پێویستی بە ئێران ھەیە.
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا و لە بارەی ھەوڵەکان لە لایەن بەشێک لە لایەنە شیعییەکانی عێراق دژبە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و ھەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی لە دەسەڵات لە وەڵامدا گوتی: "لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونی عادل عەبدولمەھدی ئەو کاندیدی تەوافوقی بووە، واتە ھەرکات ئەو تەوافوقە تێک بچێت پاڵێوراوەکەشیان دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە بەڵێ ھەوڵ و گوشارێکی زۆر لەسەر عەبدولمەھدی ھەیە، بەڵام ئەو تەوافوقەی کە ھێناویەتی تا ئێستا تێک نەچووە، ئێمەش وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان پێمان خۆشە ئەو تەوافوقە بەردەوام بێت و لە ئاسۆدا جێگرەوەیەکی باشتر بۆ عەبدولمەھدی نابینین".
ئەو گوتانەی موسەننا ئەمین لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەسەروبەندی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا، بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا.
لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا، مایک پۆمپیۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق کۆبوویەوە.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە مایک پۆمپیۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی و ھاوتا عێراقییەکەی، محەمەد عەلی حەکیم لەگەڵ سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح-یش کۆبوویەوە.
مایک پۆمپیۆ دوای سەردانەکەی بە رۆژنامەوانانی یاوەری راگەیاندبوو، کە ئەمریکا لەبارەی سەروەری عێراق ھەستی بە نیگەرانی کردووە بە تایەتیش دوای ئەوەی چالاکییەکانی ئێران لەو وڵاتە زیادی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی گوتووە : "ھاتنم بۆ بەغدا بە ھۆی ئەو زانیارییانە بوو کە لە بارەی زیادکردنی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق بەدەستمان گەیشتبوو".