نایپیداڤ
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو دەربارەی سەردانەکەی بۆ مینمار بەبیری ھێنایەوە کە تورکیا لە ساڵی رابردوو زۆر بە ھەستیاری چاودێری ئەو رووداوانەی کرد کە لە ئاراکانی باشووری ئەو وڵاتە روویاندا و گوتی" ئێمە لە مێژووەوە قەرزاری ئێرەین، لێرە شەھیدمان داوە. ئەو کات ھەوڵماندا رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی سەردانی ئێرە بکات، بەڵام ھەندێک ناوەند لە میانمار لە دژی ھاتنی رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی کەمپینێکیان بەڕێوەبرد."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: دوای ساڵێک لەو رووداوانە سەردانەکە جێبەجێکرا، بە دەستپێشخەری سکرتێری گشتی رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی ئەکمەلەدین ئیحسانئۆغڵو و تورکیا، گرووپی پەیوەندی (رۆھینگا)ی سەر بە رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی دوێنی لەگەڵ بەرپرسانی میانمار کۆبووینەوە.
داودئۆغڵو ئاشکرایکرد لەو کۆبوونەوەی کە موسڵمان و بودیەکان بەشداریان تیادا کرد، گوێی لەھەردوولا گرتووە، ھەروەھا ھاوکاریەکی رەمزیشمان لەسەر ئەو ناوچەیە دابەشکرد. لەمبارەیەوە گوتی: "دوای نوێژی ھەینی، لە کەمپێک کە زۆربەیان موسڵمانن بە ھەستێکی نا ئاسایی یەکترمان لەباوەشگرت. ئێمە ھیچ کاتێک ئەوان بەتەنیا بەجێناھێڵین. ھەروەھا پێمان گووتن کەدەبێت ئێوەش ھەست بەتەنیایی نەکەن."
داودئۆغڵو لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاشکرایکرد ئەو لەگەڵ سەرکردە کۆمەڵایەتیەکانی بودیەکانیش دانیشتووە و گوتی: "ئەوانیش زۆر نیگەرانن، لەبەرامبەر کۆمەڵگای موسڵمانان و لەبەرامبەر رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی. بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیەکانی ئەوان ئامۆژگاریمان کردن، دووپاتمان کردەوە کە جیھانی ئیسلامی لەوبارەیەوە ھەستیارە، پێشمان گووتن پێویستە ئێوە زۆر ئاوڕ لە رابردوو نەدەنەوە و سەیری دواڕۆژ بکەن. چونکە بەردەوام بیر لە رابردوو دەکەنەوە. ھیچ ھەڵوێستێکی نەرێنیان لەبەرامبەر تورکیا نیە. دانوستاندنێکی زۆر دۆستانە بوو. دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی موسڵمانان دانیشتین، ھاوکاری خۆمان گەیاندە ئەوان و راوێژمان لەگەڵ کردن."
داودئۆغڵو رایگەیاند کە ئەو سەرکردەی ھەردوولایەن بانگھێشتی تورکیا کردووە: و گوتی: "وەرن با لەو ناوەندە دەرتان بێنین. لە تورکیا زیاتر لەیەکتر تێدەگەین، با لە شوێنێک دابنیشین تا بتوانین نیگەرانیەکانمان بشکێنین."
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا میانمار رێگای بە رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی نەداوە تا نووسینگەکەی لەو وڵاتە بکاتەوە، بەڵام باڵیۆزخانەی تورکیا دەبێت چەقی کار و کردەوەکانی ئەم رێکخراوە بێت و گوتی: "چاڵاکترین باڵیۆزخانە لێرە باڵیۆزخانەی تورکیایە. بۆیە رێکخراوی ھاوکاری ئیسلامی دەتوانێ لە رێگای باڵیۆزخانەی ئێمە کار و چاڵاکیەکانی راپەڕێنێ."