وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا لەگەڵ بەرپرسی کۆمیتەی فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا و سیاسەتی دراوسێتی ئەو یەکێتییە ستیڤن فۆلە کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا داوئۆغڵو ناڕەزایەتی تورکیای بەرامبەر لێدوانی کاربەدەستانی یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر و یوتیوب له توركیا گەیاندە یەکێتی ئەوروپا.
دوای کۆبوونەوەکە داودئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە سەر داوای ستیڤن فۆلە ئەنجامدرا ئەوەم بە فۆلە گوت کە گواستنەوەی بیروڕا لە نێوان ھەر دوولادا پێش ئەو جۆرە لێدوانانە بە سوودی ھەر دوولا دەبێ."
داودئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پرسی داخستنی یۆتووب و تویتەر پرسێکە گرێدراوی ئەمن و ئاسایشی تورکیایه، لە سەرانسەری جیھان ھەر وڵاتێک لەو بوارانەدا رێوەشوێنی پێویست دەگرێتە بەر، ھەر وڵاتێک مافی ھاووڵاتییانی خۆی دەپارێزێ و ئەگەر پرسی ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی بکرێتە ئامانج ئەوا بە باشترین شێوە رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر."