دڵشاد شەهاب دەڵێت ئەو بەستەڵەكەی لەنێوان پارتی و گۆڕاندا هەبوو نەماوە و لە قۆناغی پچڕانی پەیوەندییەكانەوە چووینەتە قۆناغی گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكتر.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی حزبەكەیان لەگەڵ هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب لە هەفپەیڤینێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە وردەكاریی دانیشتنەكان کرد و گوتی: "بێ شک جیاوازییەک هەیە لە شێوازی مامەڵەکردن لەبەر دوو هۆکار، یەک ئێمە و یەکێتیی کۆمەڵێک موشتەرەکاتی پێکەوە کارکردنمان هەیە و ئێستاش بەشی زۆر تەحەمولکردنی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەستۆی پارتی و یەکێتییە بۆیە بێ شک تەعامولکردن لەگەڵ یەکێتی تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆهەر بابەتێک کە هەن، نەخاسما بۆ ئەو بابەتانەی کە ئیستا هەن، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەو پێیەی زیاتر لە ساڵێكە ئەو لێ دوورکەوتنە سیاسیەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و گۆڕان ئەوەش جۆرێک لە تایبەتمەندی بە دانیشتنەکە داوە، چونکە ئێمە لە بچڕانی پەیوەندییەوە چووینە قۆناغێکی وەها کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین و راگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەیامەکەی جەنابی سەرۆکی هەرێم بکەین، بۆیە بە تێڕوانینی من بە دڵنیاییەوە جیاوازییەک دەبێت نەک لەوەی کە ئێمە بە زمانێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قسە بکەین و شتێکی دیکەمان بۆ ئەوان پێ بێت، بەڵام بە دڵنییایەوە هەر حزبێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و شێوازی پەیوەندی پارتی لەگەڵ هەر حزبێکێکدا جیاوزی هەیە لەگەڵ حزبێکی دیکە".
لەبارەی پڕۆژەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ شاندی پارتی وەكو لە بەشێك لە راگەیاندنەكان باسیان لێوە كرد، دڵشاد شەهاب کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتیشە لەگەڵ لایەنەکان، گوتی: "مۆدێلێک دروستبووە کە بابەتی پڕۆژە و پڕۆژەکارییە بە دیتنی من بابەتێکی ئیعلامییە زیاتر لەوەی کە لەسەر ئەرزی واقیعدا حەقیقەتێکی بۆ هەبێت، چونکە کاتی خۆی ئەم مۆدێلە لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هاتە کایەوە، رەنگە ئەو کات تێڕوانینێک لەسەر ئەم بابەتەدا هەبووبێت لە بارەی شێواز و چۆنیەتی هەموارکردنەوەکە، ئەمە بابەتی دانوستانە، دانوستان لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی دەستپێشخەریەکە، واتا ئەوەنییە کە ئێمە شتێک خەڵق دەکەین، دەستپێشخەرییەک هەیە کە جەنابی سەرۆک رایگەیاندووە کە ئەو پرسانەی لەخۆی گرتووە چارەسەر بکرێت، شێوازی چارەسەرکردنی پرسەکان دەبێت مەسەلەیەکی هەمەلایەنە بێت، بۆ نموونە لەکاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەس بە ئێمەی نەدەگوت پرۆژەی ئێوە چییە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئێمە چووبووین پێیان بڵێین کە یاسا رێگەی بە ئێمەداوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەپێی ئەوەی کە ئێمە لیستی براوەی یەکەم بووین، داوای داواکاری و بیروبۆچوونی ئەوان لەسەر بەرنامەی حکوومەت بۆچوونەکانمان گۆڕییەوە و گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش و کابینەی حکوومەتمان راگەیاند هەر لایەنە و بەپێی رێکەوتنێک بەشدارییان کرد".
گوتیشی: "ئێستاش چونکە دەستپێشخەرییەک لەئارادایە، بابەتەکە ئەوە نییە کە هەریەکەمان شتێک دادەهێنین، لەچوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییە پێمان راگەیاندوون کە پارتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لەسەر رێگە چارەیەکی هاوبەش قسە بکات، نەک ئەوەی کە ئێمە بڵێن ئەوە پڕۆژەی ئێمەیە و ئەوە پڕۆژەی ئەوان و ئەوە هی ئەوەی تر، ئیجا دوو خاڵ لەمە هەڵدەگرێت و چوار خاڵ لەوەی دیکە کەم دەکرێت، دیتنی ئێمە بۆ ئەم بابەتە رەنگە شێوازێکی گونجاو نەبێت، گونجاوترینی ئەوەیە لە ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ یەکتر بگەینە داڕشتنێکی هاوبەش و بتوانین چارەی ئەم گرفتانە بکەین".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی زیاتر قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "دەتوانین بڵێن کە کۆبوونەوەکانی دوێنێ لە سلێمانی زیاتر تەشاوری بوو، ئەو بابەتانەی کە ماوەیەکە بوو هەڵپەسێردرابوو لە نێوان لایەنەکان باسكرانەوە، مومکینە پێویست بکات زۆرتر لێکتێگەیشتن بۆ روونکردنەوەیەکی زیاتر و بیرو بۆچوونەکان و نیەتی ئێمە بۆ چارەسەکردنی ئەم پرسانە چییە، ئەو هۆکارانەی وادەکات چۆن بیر بکەنەوە لای برادەرانی دیکەوە چین و چۆن سەیری ئەم چارەسەرییە دەکرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە رێگە خۆشکەرێکی باش بوو ئەگەر لە ئایندەدا لە وردەکارییەکانیش قسە بکەین، سوودێکی باشی هەبوو بۆ لێکتێگەیشتن و رووئیامان وازح بوو بەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەین".
سەبارەت بەوەی کە لە ئێستادا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەسەر دوو باڵدا دابەشبوون و پەیوەندییەکانی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش گەیشتبوونە ئاستێکی بنبەست ئەمە واناکات کە کۆبوونەوەکان ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، دلشاد شەهاب روونی دەكاتەوە: "مەرج نییە بەوەی کە بۆچوونی جیاواز هەبێت کۆبوونەوەکان کاتی زۆرتریان بووێت بۆ ئەوەی بۆچوونەکان یەکبخرێن، گرنگ نییەتی مامەڵەکردنە، پارتی بڕیاریداوە بەچاوی بردنەوە و دۆڕاندن سەیری ئەم مەسەلەیە نەکات، نە خۆمان و نەکەس بە براوە بزانین و نە خۆمان و کەسی دیکەیش بەشی دۆڕان بێت لەو مەسەلەیە، بەپێچەوانەوە، ئێمە دەڵێین هەموومان براوەین ئەگەر گەیشتینە ئەنجامێکی ئیجابی بەپێچەوانەشەوە هەموومان دووچاری خەسارەتێکی گەورە دەبین، بەهەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەی کە چاودێری دۆخی هەرێمی دەکەن، پێیان وایە تاکە خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان ئەو پەرتەوازییەیە کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، بۆیە ئێمە شتێک بە قوربانی نابینین ئەگەر لە پێناوی ئەوەدا هەندێک نەرمی حزبیی بنوێنین یاخود بە واتایەکی دیکە تەنازولیشی بۆ بکرێت بەلای پارتییەوە ئاسانە، چونکە لە پێناو مەسەلەیەکی گەورەترە، بۆیە لەسەر شێواز و نییەتی هەر لایەک دەوستێت، ئەوەی تاکو ئێستا هەستمان پێیکردووە هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر درککردن بە هەستیاری بارودۆخەکە و ئامادەن بۆ هاتنە پێشەوە، بۆ هەنگاوەکان چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین کە بیروبۆچوونەکان چۆن تەرجەمەی واقیعی عەمەلی دەکرێن، ئەوەی تاکو ئێستا هەستمان پێکردووە بە بۆچوونی ئێمە ئەرێنییە و لە ئایندەشدا هیوادارین باشتر ببیت".
سەبارەت بە شکاندنی بەستەڵەکی نێوان پارتی و گۆڕان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوولایەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی: "بەبۆچوونی ئێمە ئەو بەستەڵەکەی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا هەبوو شکاوە، بەڵام تا چەند خاوبووەتەوە، ئەوە بۆ قۆناغەکانی ئایندەی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام پێشتر نە پارتی ئامادەبوو بەو شێوەیەی ئێستا بچێت سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و نە بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە بوو پێشوازی لە پارتی بکات و کار گەیشتبووە ئەوەی خەڵک بیر لەوە بکاتەوە کە نێوەندگیریمان بۆ بکات بۆ ئەوەی لە شوێنێک یەکتری ببینین، ئەمانە هەمووی بە بڕیارێک نەمان، ئێستاش کە ئەو هەنگاوە نراوە بەدڵنیاییەوە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوی دیکە بنرێت و هەنگاوی ئیجابی بەدوادا بێت".
دڵشاد شەهاب دەربارەی دیارییکردنی کاتێک بۆ ئەم گفتوگۆیانە، دەڵێت: "ئێمە حەز دەکەین هەتا رۆژێک زووتر بتوانین ئەم پرسە یەکلایی بکەینەوە، چونکە هەتا زووتر بێت ئەنجامی باشتر دەبێت بەسەر دۆخی هەرێم و دواکەوتنیشی دەرئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، بەتەنها هەموو شتەکان لای ئێمە نین، بۆیە دەبێت هاوکاری و هەماهەنگییەک هەبێت لەسەر بەدەنگەوە هاتنی لایەنەکان، بەڵام ئێمە بە پێچەوانەی ئەوەین كە دەگوترێت پارتی دیەوێت کات بکوژێت، پارتی چ سوودمەندە لەوەی کات بکوژێت، پاشان ئەگەر سووربوونی ئێمە نەبووایە لەسەر هەستکردن بەو ئەرکە قورسەی لەسەر هەموومانە و ئەو بارودۆخە ناخۆشەی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر پارتی مەبەستی کات کوشتن بووایە و سەردانی لایەنەکانی نەکردبایە خۆ لەو بارودۆخەی ئێستا خراپتر نەدەبوو، بەڵام هەنگاونان بۆ ئەو مەسەلەیە خۆی شایەدێکی حەقیقییە لەوەی کە پارتی نە موقتەنیعە بەو وەزعەی کە هەیە و نەدڵی پێخۆشە و نەحەزیش دەکات بەو شێوەیە بێت کە هەیە، بە پێچەوانەوە پارتی ئارەزوو دەكات زووتر چارەسەری بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە".
لەبارەی سووربوونی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر داواکانیان کە پارتی سوورە لەسەر گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بزووتنەوەی گۆڕانیش لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، دڵشاد شەهاب گوتی: "کە دەست بە گفتوگۆ دەکرێت ئومێدمان وایە توانیبێتمان هەندێک لەو بیروبۆچوون و ناکۆکییانە بەجێبهێڵین، سەبارەت بە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، پارتی دژ نەبووە، لەو خاڵەدا پارتی پێیوایە زوڵمی لێکراوە، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان لایەنەکان، بەداخەوە دۆخەکە بەلایەکی دیکەدا بردرا و هێرش کرایە سەر بارەگاکانی پارتی و کۆمەڵێک شتی دیکە کە پەیوەندی بەو دۆخەوە نەبوون رووی دا و هاتنەکایەوە وەک ئەوەی وەرەقەی فشاربن بەسەر پارتیدا و بیانەوێت کارتێکی فشار لەسەر پارتی دروست بکەن، لەدوا کۆبوونەوەی پێنجقۆڵی نێوان لایەنەکان نزیکەی هەشتا لەسەدی بیرەبۆچوونەکانی ئێمە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم وەکو ئەو پڕۆژەیە بوون کە لایەنەکانی دیکە داوایان دەکرد، بۆ هەموو هەنگاوەکان ئامادەبووین و چووینە پێش".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، دڵشاد شەهاب لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشكی خستە سەر پرسی گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، لەوبارەیەوە گوتی: "پرسی گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان مەسەلەیەکی شەخسی نییە، بە بۆچوونی ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان و بە تایبەتی سەرۆکی پەرلەمان لە قۆناغێكی هەستیاری دۆخی هەرێمی کوردستان کە شەڕی داعش بەرۆکی گرتبووین، کۆمەڵێک کێشە و گرفت بەرۆکی گرتبووین، سەركەوتوو نەبوو لە لەپێشترێتی و بایەخی زیاتر دان و شێوازی مامەڵەکردن، نموونەش بۆ ئەو مەسەلەیە ئەوەیە کاتێک هەموو حزبە کوردستانییەکان و پێکهاتەکان و هەموومان رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە تەنها مۆڵەتێکی دوو سێ رۆژی بە لایەنەکان بدەین کە پەرلەمان کۆبوونەوەکانی خۆی دوابخات، جاری وا هەبووە پەرلەمان لەبەر هۆکاری زۆر ئاسایی، لەوانەیە لەبەر بۆنەیەکی زۆر ئاسایی، لەبەر بەشدارییکردن لە مەڕاسیمێکدا دانیشتنەکانی پەرلەمان دواخراوە، ئەگەر بۆ پرسێکی وەها گەورە ئەگەر دوو رۆژ دانیشتنی پەرلەمان دواخرابایە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکە بە لایەکان درابایە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بکەن چی دەبوو؟ ئەوجا خەڵکێک ئەمە مەودای بیرکردنەوەی بێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە بۆچوونی ئێمە زەحمەتە ئێمە ئەو موجازەفەیە بکەین و جارێکی دیکە بتوانین موقەداراتی ئەم وڵاتە بدرێتەوە دەستی بیرکردنەوەیەکی وا بچووک کە نەتوانێت مەسەلەیەکی چارەنووس ساز چارەسەر بکات، مەسەلەکە شەخسی نییە، مەسەلەکە ئەو شیوازی مەمەڵەکردنەیە لەگەڵ رووداوەکاندا".
news_share_descriptionsubscription_contact

