Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان بە كۆتا هات و ئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە كە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوێكی هاوبەش بوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "كۆبوونەوەكە لە كەشوهەوایەكی بەرپرسانە و بەئومێدی كاركردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان لەوەكردەوە كە پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لە روانگەی هەردوو شاند هەیە بۆ بەرنامەی كابینەی حكوومەت بە ئامانجی باشتركردنی بژێوی خەڵك و چاكسازی ریشەیی لە هەموو بوارەكان".
بە گوێرەی راگەیەندراوەكە "كۆبوونەوەكە جەختی لەوەكردەوە كە گرنگە بەرنامەیەكی تۆكمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەكانی شەفافیەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان و ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
جەختیش كرایەوە لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتی هاوبەش بەمیكانیزمی گونجاوی جێ بڕوای لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت، بنەمای سەرەكی بێت".
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتبوو لە هەریەك لە ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئیمینكی، هێمن هەورامی، دلشاد شەهاب و فرسەت سۆفی.
هاوکات لایەنی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێكهاتبوو لە هەریەك لە جەلال جەوهەر، جەمال محەمەد، رەئوف عوسمان، ئاراس وەلی، ئاوات شێخ جەناب، مستەفا سەید قادر و عەلی حەمەساڵح.
بۆ تاوتوێكردنی دەرەنجامی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، سبەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، هەروەها رۆژی شەممەی داهاتووش جڤاتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی گفتوگۆ و دانوستانەكانی گۆڕان و پارتی لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و ئەو پۆستانەی بۆ حزبەكە لەو كابینەیەدا دانراوە.
دوێنێ شاندەكەی پارتی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی-یان كرد، سەرەتاش سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یان كرد و لەگەڵ شاندی دانوستانكاری ئەو حزبە كۆبوونەوە.
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەشیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، شاندەكەی پارتی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی تر لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبنەوە.