سلێمانی
شاندی بەدەپە کە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی بەدەپە و پەرلەمانتاران مولکیە بیرتانە و نازمی گور پێک ھاتوون، لەگەڵ ھاوسەری جەلال تاڵەبانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ی ن ک ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی مەلا بەختیار کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش ساز کرا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا مەلا بەختیار گوتی "شاندی بەدەپە لەسەر بانگھێشتی ئێمە ھاتونەتە ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی و میوانی ئێمەن، لە کۆبوونەوەکەشماندا گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و ھەموو بەشەکانی کوردستان کرد".
مەلا بەختیار گوتی "کۆبوونەوەکەمان لە بەرژەوەندیی مافە دیموکراسییەکانی کوردستان و ناوچەکە و چۆنێتی چارەسەرکردنی ھەندێ لەو کێشانە بوو کە نیگەرانییان لەناو نەتەوەکەمان و حزبە سیاسییەکان دروست کردووە، ھەردوولا بیروبۆچوونی خۆمان لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە خستەڕوو."
لای خۆیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتی"کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجام دا و سەردانەکەمان لەکاتێکی گرنگدایە و ھەلێک بوو بۆ ئێمە بۆ ھەواڵپرسینی تەندروستیی مام جەلال سەرکۆماری عێراق و ھیوای لەشساغی بۆ دەخوازین."
دەمیرتاش گوتی "سیاسەتی یەکێتی بەرامبەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و چارەسەری پرسی کورد ھەڵوێستێکی گرنگە و سوپاسیان دەکەین."
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پەیوەندی ئەم سەردانە و سەردانەکەی چەند ڕۆژی پێشووی عوسمان بایدەمیر و لەیلا زانا بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی ھەولێر، مەلا بەختیار گوتی "ئەم کۆبوونەوەیە ئەگەر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆبوونەوەکەی ھەولێرەوە نەبێت، بێگومان ھاتنی ئەم شاندە نیشانی ئەوەیە کە ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان بەرەو چارەسەری ھەموو ئەو کێشانە دەڕوا."
ھەروەھا گوتی"پشتیوانی کۆبوونەوەکەی ھەولێر دەکەین و سیاسەتی ئێمە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکانە لە ھەر بەشێکی کوردستان و لەنێوان ھەر ھێزێکی کوردستان بێ، پێویستە ھەموو لایەک ڕۆڵی چارەسەرکردنی کێشەکان ببینین و ڕۆحیەتی چارەسەریش بەسەر ھەموواندا زاڵە."
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە شاندی بەدەپە سەردانی شاری ھەڵەبجەیان کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دانا.