پاریس
لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، بە سەرپەرشتی فرانچۆیس ئەسەنەس پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فەڕەنسا، کۆنفرانسی "بارودۆخی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گڕ گرتوو" سازکرا. لەو کۆنفرانسەدا ھاوسەرۆکی PYD ساڵح موسلیم، مامۆستای زانکۆی گاڵاتاسەرای ئەحمەد ئینسەڵ، رۆژنامەنووس لورا مێرکێند وەکو قسەکەر بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش بە وەڵامی پرسیاری ئایا لەگەڵ ئۆجالان دانیشتوون یان نا؟ دەستی بە قسەکانی کرد.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا شاندێکی پەرلەمانتارانی پارتەکەی، حەفتەی رابردوو سەردانی ئۆجالانیان کرد. ئۆجالان سڵاوی بۆ ھەموو ئەوانە ناردووە کە لە دەرەوە داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکەن. ئەو ئێستا بۆتە ئەکتەری سەرەکی ئەو پڕۆسەیەی کە لەمانگی کانوونی دووەمی رابردوو دەستپێکردووە.
دەمیرتاش گوتی: "وەکو لایەنێک کە لەناو ئەو پڕۆسە داین، وەکو پارتێک کە یەکێکە لە ئەکتەرەکانی ئەو پڕۆسەیە، لەسەرەتاوە بێ دوو دڵی پشتگیریی لە پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری دەکەین کە لە تورکیا درێژەی ھەیە. ئێمە کە ٢٠ ساڵ زیاترە وەکو سیاسەت دەستمان بەو ململانێیە کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە شێوازی دیموکراسیانە، ئەو شێوازەی ئەمڕۆ لە تورکیا تاقی دەکرێتەوە، تاکە شێوازە ئێمە بەڕاستی دەزانین. چونکە ئێمە پێمانوایە ئەو کێشەیە بە گفتوگۆ، بە کۆبوونەوە چارەسەر دەکرێ. باوەڕمان وایە کە چەک، شەڕ و پێکدادان چارەسەر نییە، بەڵکو بێچارەیی بەرھەم دێنێ، بەڕێز ئۆجالان و PKKش لەدوای ساڵی ١٩٩٣ چەندین جار ئەو شێوازەیان تاقیکردەوە و سووربوون لەسەر درێژەپێدانی، ئێمەش چاودێریمان کرد. ئەو پڕۆسەی بەڕێز ئۆجالان ساڵێکە بەڕێوەی دەبات، دەرەنجامی ھەوڵی ٢٠ ساڵ و دەرەنجامی ٢٠ ساڵی ململلانێی ئاشتیانەیە."
دەمیرتاش دەڵێ یەکەمجارە لەسایەی ئەو پڕۆسەیە ئاگربەستێکی دوو لایەنە جێبەجێ دەکرێ، یەکەمجارە بە کردەوە سوپای تورکیا پابەند دەبێ بە ئاگربەستەوە، لەبارەی دەستکەوتەکانی ئەو ماوەیە گوتی: "بەشێکی گرنگی گەریلا چەکدارەکانی PKK بۆ دەرەوەی سنووری تورکیا و بە ئاراستەی باشووری کوردستان دەکشێنەوە، بە کردەوە بەبێ پچڕان ئاگربەست جێبەجێکرا. ئەوەیان دەستکەوتێکی گرنگە. دووەم، بە راستی لە ئیمڕالی بەناوی حکومەت بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەکە، بەرفراوانکردنی دیالۆگ بەفەرمی درێژەی بە گفتوگۆدا. لەوانەیە پڕۆسەی ئیمڕالی وەکو کێشە نێونەتەوەییەکانی تری جیھان، یان وەکو پڕۆسەی رێککەوتنەکانی دیکە بەڕێوەنەچێ. چونکە بارودۆخی تایبەت بەخۆی ھەیە. ئێستا سوورین لەسەر ئەوەی ھەموو دەستکەوتەکانی ساڵی رابردوو بۆ بەرقەراربونی ئاشتی و چارەسەرێکی ریشەیی بگۆڕین بۆ پڕۆسەیەکی رێککەوتن. بە گوێرەی پەیامەکانی بەڕێز ئۆجالان ئیتر پێویستە پڕۆسەی رێککەوتن دەستپێبکرێ."
دەمیرتاش پێیوایە دەبێت دەربارەی قۆناغی داھاتووی پڕۆسەکە لە ئیمڕالی گفتوگۆ بکرێ. دەشڵێ تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەت لێدوانێک سەبارەت بە بەرواری دەستپێکردنی پڕۆسەکە نەدراوە. ھەروەھا دەڵێ لەو بارەیەوە BDP سێ پێشنیاری کردووە. بەمشێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدا: "یەکەمینیان: پێویستە کورد زمانی خۆی لەھەموو دەزگا گشتیەکان بەبێ ئاستەنگ بەکاربێنێ، تەنیا لە روانگەی پەروەردە نا، بەڵکو لەھەموو بوارە گشتیەکان پێویستە بێ سنوور زمانی کوردی بەکاربێ. دووەم کورد ناسنامەی خۆی خۆی رێک بخات، سیاسەت بکات، رێکخراو دروست بکات واتە لەھەموو بوارەکانی ژیانی بە ناسنامەی کوردی درێژە بە کردەوەکانی بدات. سێیەمیشیان مافی خۆ بەرێوەبردنی کورد، ئێمە وەکو ئۆتۆنۆمی لە قەڵەمی دەدەین."
دەمیرتاش دەربارەی ئەوەی بۆچی لە کۆنفرانس بە کوردی نا بەڵکو بە تورکی قسەدەکات؟ دەمیرتاش نموونەیەک لەسەر ژیانی خۆی ھێنایەوەو گوتی: "لە تەمەنی ١٧ ساڵی زانیم کوردم. تا تەمەنی ١٧ ساڵی خێزانەکەم لێیان شاردمەوە کە کوردین، ئەویش بەھۆی فشاری فاشیزمی تورکیا لەسەر کورد . ئەمڕۆ ھاوسەرۆکی گەورەترین پارتی کوردیم لە تورکیا. زۆر حەز دەکەم بە کوردی قسە بکەم. بەڵام ٢٠ ساڵ بە زمانی تورکی پەروەردەم بینی. ئەمڕۆ بە کامە زمان بتوانم دەردو مەینەتی گەلەکەم باس بکەم بەو زمانە قسە دەکەم. بەڵام ھیوادارم لە داھاتوویەکی نزیکدا بگەمە ئەو ئاستەی بتوانم بە زاراوەی دایکم کە زازاکیە و بە کرمانجی و سۆرانی قسە بکەم. چونکە بە شێوەیەکی خێرا فێر دەبم و خۆم فێر دەکەم. ئەوە لە شەرم و ناکۆکی من زیاتر تابڵۆی خەمباری کێشەی کوردە لە تورکیا."
دەمیرتاش داوای لە یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام کرد لێکۆڵینەوە لەسەر سیاسەتی کوردی خۆیان بکەن. داوای لە وڵاتانی بەھێزی ئەوروپا وەکو فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کرد، رێز لە مافە گەردوونیەکانی مرۆڤ بگرن. دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە ئەوان چاوەڕێی پشتگیری حکومەتی فەڕەنسا لە ئاشتی دەکەن. راشیگەیاند: رێگای ئەمە بە زیاتر داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد تێپەڕ دەبێ. دۆزینەوەی بکوژانی سێ ئەندامی PKK لە پاریس لە ئەستۆی فەڕەنسا دایە.
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی PYD لەو کۆنفرانسەدا قسەیکرد، ئاماژەی بەوەدا حکومەتی فەڕەنسا دەربارەی کورد زۆر باش نییە و باسی مێژووی کێشەی کورد و رۆڵی فەڕەنسای لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد. موسلیم رەخنەی لە ھەڵوێستی فەڕەنسا لە سوریا گرت، رایگەیاند ئەوان بەخۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن: "ئایا دەخوازن لەگەڵ رژێمی دیمەشق شەڕ بکەین، بۆ رێکنەکەوتن ناخوازن بچینە کۆنفرانسی جنێڤ٢. چاوی خۆمان کرۆدتەوە، زۆر باش دەزانین دیموکراسی چیە. بەخۆمان رێگای خۆمان دادەڕێژین."