پەرلەمانی توركیا - TBMM
سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە میانەی دەستپێکی خولی چوارەمی یاسادانانی ٢٤ھەمین خولی پەرلەماندا وتاری پێشکەش بە پەرلەمانتارانی پارتەکەی کرد وەک ئاماژەیەک بۆ ڕووداوەکانی لیجە لە ساڵی ١٩٩٣ دا رایگەیاند : پاش تێپەڕینی ٢٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا ئەنجامدەرەکانی نەدۆزراونەتەوە و زۆریان لەسەردەمی ئاکپارتیدا بەرز کراونەتەوە.
دەمیرتاش لە بەشێکی تری وتەکانیدا رایگەیاند، لە تورکیا نەک دەوڵەتی قوڵ بەڵکو دەوڵەتێکی ھاوتەریب ھەیە کە زۆر جار ئەم دەوڵەتە لەلایەن ئاک پارتیەوە بەکار دێ، گوتیشی: "دەوڵەتی ھاوتەریب ڕێگر بووە لە بەردەم قۆناغی ئاشتیدا."
ھەروەھا گوتی: ئەگەر یەکەکانی ئەو دەوڵەتە پاکسازی بکرانایە ئەوا دادگای بەرپرسی تایبەتمان نەدەبوو کە ئێستا لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدانەوە بەکاردێن، ھەرئەوانەشن بەرپرسیارن لە ئازادنەبوونی پەرلەمانتاران و زیاتر لە ١٠ ھەزار گیراوی سیاسی.
لەبارەی قۆناغی ئاشتی و وپاکێجی دیموکراسیشەوە دەمیرتاش باسی لەوە کرد ئەمان ھیچ تووشی سەرسوڕمان نەبوون کاتێک پاکێجەکە ئاشکرا کراو ھیچ خاڵێکی گرنگی تێدا نەبووە.
دەمیرتاش گوتی "سەرۆک وەزیران دێت و لەکاتێکدا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گۆمی خوێندا نوقم بووە دەڵێت دەبێت چاوەڕێی ھەنگاوی تر بکەن، چونکە ھەموو داواکاریەکان لەم پاکێجەدا نیە. من لێرەوە دەپرسم, خێرە دەبێت چاوەڕێ بکەین , ئەرێ دەکرێت پێمان بڵێت لەکاتێکی ئاوادا بۆ دەبێ چاوەڕوان بین لەکاتێکدا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە شەڕو شۆڕ و گۆمی خوێن ھەڵساوە؟
بەبڕوای ئەو ناواخنی پاکێجەکە زۆر لەوە خراپتر بووە کە چاوەڕێیان کردووە "لە کاتێکدا ئێمە وەک پارتی ئاشتی و دیموکراتی زۆر دەستپێشخەریمان کردووە تا پەکەکە ئەندامانی خۆی بگوێزێتە دەرەوەی تورکیا و ھاوکات زۆرێک لە کورد و تورک پشگیری لەو قۆناغە دەکەن تۆ دێیت و پێیان دەڵێت ئاوا دەکەین ئاوا ناکەین."
لەبارەی خاڵەکانی ناو پاکێجەکەوە دەمیرتاش گوتی : دەپرسن ئایا بەلای ئێوەوە ئەو خاڵانە خراپ بوون؟ ئێمەش دەڵێن نەخێر ئێمە ساڵانێکی زۆر پشگیریمان لەو خاڵانە دەکرد بەڵام ئەوانە خۆیان بەدەستھاتوون و ئەو مافانە ھەر ھەبوون و بەدەست ھاتوون، دەبوو چەندین ماددەی زۆر بەھێزی تێدابێـت کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
ھەروەھا گوتی: بەداخەوە لەدوای ئەو ھەموو چاوەڕوانیەمان ھەمووی بەفیڕۆ چوو، ئێمە زۆرترین ڕەخنەی خۆمان ئاراستەی حکومەت دەکەین چونکە لە ئێستادا بە ھۆی قۆناغی ئاشتیەوە دەمانەوێـت بینایەک بنیات بنێت ,تۆ دێت و دوو پایە دادەنێت و دەڵێیت بەسە . ئەمە ڕوخانی ئەو پایانەیە بەدەستی خۆت.
دەمیرتاش لە بەشێکی تری قسەکانیدا زۆر بەتوندی ھێرشی کردە سەر حکومەت و پارتی دادو گەشەپێدان و رایگەیاند کە تۆ دێیت و دەتەوێت بە شێوەیەک قۆناغی ئاشتی بقۆزیەوە کە بە قازانجی خۆت بێ لەکاتێکدا دەبوو لە ڕێَگەی پاکێجەکەوە چارەسەری تەواوی کێشەکان بکرانایە. ھەروەک پرسیاری ئەوەشی ئاراستەی ئەردۆغان کرد کە ئایا دەبێت تۆ بەم ھەنگاوانە وڵات بەرەو کوێ بەریت کە ئەو بەڵێنانەی بە قاعیدەکەی خۆشت داوە جێبەجێیان ناکەیت.
دەمیرتاش پرسی: ئایا ھەر سەرۆکوەزیران نەبوو داوای دەکرد کە با چەکەکان بێدەنگ بن تاکو زەمینەی دیموکراسی زیاتر بێ؟ ئەی کوا لە ناو پاکێجەکەدا یەک ماددەم پێبڵێ کە مەبەست لێی فراوانکردنی زەمینەی دیموکراسی بێ؟ من دەپرسم کوا یەک یاسا دەرکرا بۆ ئازادکردنی یەک گیراوی سیاسی؟
دەمیرتاش لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی پشگیری لە پاکێجەکە دەکات تەنیا ئەوانەن کە لە چواردەوری ئاکپارتین.
ھەروەک راشیگەیاند لە پاکێجەکەدا نەیان وێرا تەنانەت ناوی کورد یان عەلەوییان بەسەر زماندا بێـت و ئەمەشی بە ترسنۆکیی سیاسەت ناوزەد کرد.
دەمیرتاش بە شێکی تری قسەکانی تەرخان کرد بۆ مەسەلەی سوریا و راگەیاند : تورکیا لە بارەی سوریاوە سیاسەتی ھەڵە پەیڕەو دەکات و زۆر بەتوندیش دژی ئەو ھەوڵاتە وەستایەوە کە خوازیاری دروستکردنی دیوارن لە سەر سنوری تورکیا سوریاو ڕایگەیاند، دەبێت ئەو ئابڵوقەیەی خراوەتە سەرسوریا بەزووترین کات ھەڵگیرێ.
راشیگەیاند "ئێمە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ٢ ی تشرینی یەکەمدا دەچینە سەر سنور و ناھێڵین دیواری شەرمەزاری لەسەر سنور ھەڵبچنن."