Hemin Hüseyin
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی عەرەبی بە هەڵە باسیان لە بڕگەی كشانەوە و مانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە ئازادكراوەكان لە گوتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی کردووە كە رۆژی چوار شەممەی رابردوو لە شاری باشیك پێشكەشی كرد.
روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم کە بەناوی گوتەبێژی سەرۆکایەتییەکە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە: "ژمارەیەك لە دەزگای راگەیاندنی عەرەبی باسیان لە وتاری بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە رۆژی چوار شەمەی رابردوو لە شاری باشیك پێشكەشی كرد".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ژمارەیەكیش لەو دەزگایانە بە هەڵە باسیان لە بڕگەی كشانەوە و مانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد لە ناوچە ئازادكراوەكان لە میانەی ئەو وتارەی كە بەڕێزیان بە زمانی كوردی پێشكەشی كرد و چەند بڕگە و ڕستەیەكیان بە شێوەیەكی هەڵە وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی كە وای كرد ڕستە و واتاكانی لە ڕاستی ناوەڕۆكەكەی بێتە دەرەوە".
لە کۆتایی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆك بارزانی لە وتارەكەیدا بە روونی دووپاتی لەسەر پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە هەر رێككەوتنێكی لەم بارەیەوە كردەوە.