Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
24 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح واژووی لەسەر یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی کرد کە ماوەیەکە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن پێوەی سەرقاڵن و تەنها یەک واژووی دیکەیان پێویست بوو.
لەمبارەیەوە سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەڵێ عەلی حەمەساڵح واژووی لەسەر یاداشتەکە کردووە و ئێستا ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواوە بۆ و رۆژی یەکشەممە پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.
عەبدولستار مەجید گوتی: "هەموو ئەو داواکارییانەی پێشتر سەرۆکی پەرلەمان داوای کردبوو بە یاداشتەکەوە هاوپێچ کراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان نامە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت دەبێت لە میانی یەک هەفتەدا حکوومەت وەڵام بداتەوە کە چ کات ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، ئەگەر پاساوی یاساییان هەبێت دەتوانرێت دەرفەتی مانگێکیان پێبدرێت و دوای مانگێک ئامادەی دانیشتنێکی پەرلەمان بن".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی: "دوای ئەو مانگەش ئەگەر ئامادەنەبوون بۆ پرساندن بێنە پەرلەمان ئەوا ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بیەوێت پرۆسەکە بەبێ ئامادەبوونی ئەوانیش بەرێوەدەچێت".
پرساندن بابەتێکی یاساییە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا لە ماددەکانی ٦٨ تاوەکو ٧٦ ئاماژەی پێدراوە و رێکخراوە.
بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت دەبێت واژووی یەک لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر یاداشتەکە هەبێت و بۆ پرساندنی جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان دەبێت واژووی یەک لەسەر شەشی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر یاداشتەکە هەبێت.