تاران
ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران ناسراو بە ئێرنا بڵاویکردۆتەوە کە عهلی ئهكبهر هاشمی رەفسنجانی سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییە باڵاکانی ئێران لەمیانی دیداری لهگهڵ شاندێكی وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێران باسی لە کێشەکانی نێوان سوننە و شیعە و سەرهەڵدانی گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و قاعیدەی کرد.
لهمبارهوه رەفسهنجانی گوتی: "ڕێکخستنی مەراسیمی تایبەت بە نەفرەتکردن لە خەلیفە عومەر و سەحابەکانی، دەبێتە هۆی دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان موسوڵمانان و زەمینەسازی بۆ دروستبوونی گروپی وەک قاعیدە و داعش دروست دهكات."
رەفسهنجانی ئاماژەی بەو شیعر و هۆنراوانە کرد کە تێیدا سوکایەتی بە سەحابەکانی پێغەمبەر دهكرێت و لە مەراسیمی یادی مردنی حەزرەتی فاتیمەی کچی پێغەمبەر دا دەخوێنرێتەوە لە ئێران و ئاماژەی بە ئایەتی ٤٦ کرد لە سوورەی ئەنفال کاتێک دەفەرموێت (لەگەڵ یەکدا پێکهەڵمەپژێن، ئەگەرنا هێزتان لێ کەم دەبێتەوە) و دواتر رهخنەی لە جیهانی شیعی گرت و گوتی: "ئێمە وەک شیعە ئەم هۆشداریەمان پشتگوێ خستووە و نەفرەت لە خەلیفە عومەر و سەحابەکانی دەکەین کە ئەمەش ناکۆکییەکانی سوننی و شیعە زیاد دەکات. بگرە هەندێک وادەزانن ئەم مەراسیمانە بۆ عیبادەتە. ئەم گوناحە گەورانە دەبێتە هۆی کەوتنی ئیسلام. لەکاتێکدا موسوڵمانان بە یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن و ٦٠ وڵاتەوە دەبوو گەورەترین هێزی جیهان بوونایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیەوە لەبەرامبەر وڵاتانی دیكه توشی شکست بوون."