hamze mensur
03 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2015
فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لیوا هادی رزیج كسار ئەمڕۆ سێشەممە ئاشكرایكرد، هێزەكانی ئەمنی توانیان ناوچەیەكی ستراتیژی لە رۆژئاوای رومادی لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەنەوە و لایەكی دیكەوە 28 چەكداری داعش كە بە هۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە لە ناوچەكانی شاری مووسڵ كوژران، تەرمەكانیان رادەستی فەرمانگەی دادوەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی مووسڵ كرا.
سەرەتا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رزیج زانیاری زیاتری لەبارەی گرتنەوەی ناوچە ستراتیژیەكەی خستە روو و رایگەیاند، هێزێكی لەنێوبردنی تیرۆر بە هاوكاری لەگەڵ هێزەكانی فێرقەی 16ی لە سوپای عێراق بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و عێراق، لە میانی پڕۆسەیەكی سەربازییدا توانیان، بەتەواوی ناوچەی سبعە كیلۆ لە رۆژئاوای رومادی لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن.
فەرماندەكەی هێزەكانی پۆلیس لە پارێزگای ئەنبار باسی لەوەشكرد، لە میانی پڕۆسە سەربازییەكەدا و بەر لە گرتنەوەی ناوچەی سبعە كیلۆ، شەڕی قورس لە نێوان هێزەكانی و چەكدارانی داعش روویدا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 چەكداری داعش و ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلەكانی ئەو چەكدارانە تێكشكێنران و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەك لە هێزەكانی ئەمنی كوژران و بریندار بوون.
ناوبراو هەروەها دەڵێت، ناوچەی سبعە كیلۆ لە ناوچە ستراتیژی و گرنگەكانە كە شاری رومادی بە ناوچەكانی رۆژئاوا بە رێگەی رێگەی نێودەوڵەتی خێرا دەبەستێتەوە و گرتنەوەكەشی بە واتای بچڕاندنی سەرجەم هێڵی گەیاندنی پشتیوانییەكان بۆ چەكدارانی داعش لە بەرەی رۆژئاوای رومادی دێت.
لە لایەكی دیكەوە لە پارێزگای نەینەواش لە باكووری عێراق ئەوە پزیشك لە بەشی فەرمانگەی دادوەری پزیشكی لە نەخۆشخانەی مووسڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد، لە دەرنگانی شەوی رابردوو، تەرمی 28 چەكداری داعش هێنران بۆ فەرمانگەكەی كە لە ئاكامی بۆردومانی چڕی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ناوچەكانی مووسڵ كوژران.
هاوكات بەپێی ئەو زانیارییانە كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا عەقید ئەحمەد جبووری دەستی كەوتووە، دەرنگانی شەوی رابردوو، فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هێرشی چڕیان كردە سەر ئامانجەكانی رێكخراوی داعش لە رۆژئاوای مووسڵ.
بەپێی ئەوەی جبووری روونی كردەوە، لەو هێرشە، فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی رێكخراوی داعش لە ناوچەی هەرمات و شوێنێكی دیكەی رێكخراوەكە لە ناوچەی 17ی تەمووز و پیشەسازی لە دۆڵی عەكاب و خاڵی راگەیاندنی رێكخراوی داعش لە ناوچەی ریسالە كە دەكەونە بەرەی راست لە بەرەی رۆژئاوای مووسڵەوە بۆردومان كرد.
ئەفسەرەكە ئەوەشی گوت: "هەروەها لە بەرەی چەپی شاری مووسڵ، شوێنێكی رێكخراوی داعش لە ناوچەی مەساریف لە باكووری مووسڵ لەگەڵ وێستگەی كارەبای نەینەوا لە رۆژهەڵاتی مووسڵ لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە بۆردومان كرا كە بووە هۆی بچڕاندنی كارەبا لە شوێنە گشتی و شاقەم و پرد و نەخۆشخانەكان لەو ناوچەیە".