Hemin Hüseyin
27 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2018
ههولێر - AA
ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ھەرێم لەبارەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ نوێنەری کۆنسول و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبووهوه.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم، ههندرێن محهمهد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند كه بەیانی لە کاتژمێر هەشی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە پڕۆسهی دهنگدانی تایبەت بەردەوام دەبێت و ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتیش بریتییه له ١٧٠ ھەزار و ٤٦٩ دەنگدەر.
ههندرێن محهمهد گوتیشی: "ئەوانەی ناویان نەبووە و لەو ماوەیەش سەردانی تۆماری دەنگدەرانیان نەکردووە، ئەوانە ناویان سڕاوەتەوە و ناتوانن دەنگ بدەن، ئەوانەیشی مووچەی پلە تایبەتیان ھەیە، بە ھۆی ئەوەی پێشتر پسوولهی خۆراکیان لێسەندراوەتەوە، ئەوانیش ناویان لە بنکهکانی پێشووتر نەماوە، بۆیە ناتوانن لە شوێنەکانی پێشووتری خۆیان دەنگ بدەن و، پێوسته پێشتر سەردانی بنکەکانی تۆماری دەنگدەرانیان کردبێت''.
لهبارهی ژمارهی رێكخراوه بیانییهكانییش كه بۆ چاودێری پڕۆسهكه ناوی خۆیان تۆماركردووه، ههندرێن محهمهد گوتی: "٢٢ رێکخراوی بیانی تۆمارکراون، کارمەندانی نەخۆشخانەکان و ئەو ھاووڵاتییانەی لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و زیندانەکانیش ناتوانن لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن''.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵا گوتیشی: ''دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان راستهوخۆ دەست دەکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگی لیستەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەنجامی بەرایی رابگەیەندرێت و ھەموو ھەوڵێکیش گیراوەتەبەر''.
ھەندرێن محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆی گشتیی بنکەکانی دەنگدان کە بۆ دەنگدانی تایبەت تەرخان کراون، ٩٢ بنکەی دەنگدانە، لەو ژمارەیەش ٤١ بنکە لە ھەولێر و ٣٧ بنکە لە سلێمانی و ٢٠ بنکەش لە دھۆک و یەک بنکەش لە ھەڵەبجە.
بهیانی ههینی، ٢٨ی ئهیلوول، پڕۆسهی دهنگدانی تایبهت له ههرێمی كوردستان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهدهچێت.
بۆ ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٠١٨/٩/٣٠ بەڕێوەبچێت، کۆی گشتیی بنکەکانی دەنگدان لە سەرجەم ھەرێمی کوردستان ٥ ھەزار و ٩٤١ بنکەی دەنگدان تەرخانکراوە کە، ٤٩٩ بنکە لە پارێزگای ھەولێر، ٤٧٦ بنکە بۆ پاریزگای سلێمانی، ٢٥٧ بنکەی دەنگدان بۆ پارێزگای دھۆک و ٢٨ بنکەی دەنگدانیش بۆ پارێزگای ھەڵەبجە.