Heman Hussein Yaseen
28 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاساییی خولی بەھارەی رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٦/٢٩ی راگەیاندووە کە تیایدا درێژکردنەوەی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
لە راگەیاندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستاندا ئەوە خراوتەڕوو کە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ رۆژی دووشەمە، دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی دەست پێ دەکات.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەی کاردا، دەنگدان لەسەر پێشنیازە بڕیاری (پێشکەشکردنی پێشنیازە یاسا و پێشنیازە بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان) دەبێت، بەدەر لە حوکمی ماددەی ٨٢ی پەیڕەوی ناوخۆ.
لە بڕگەی دووەمیشدا هاتووە "دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی دووەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت".