Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی 14 تیرۆریستی داعشی لە سنووری پارێزگای كەركووك و قەزای سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا، نۆ تیرۆریستی داعشیان لە ژمارەیەك ناوچەی سنووری قەزای سامەڕا دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی دیكەی ئاژانسی هەواڵگریی، زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆن بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی سنووری پارێزگای كەركووك ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكاندا، پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیركراون.
لە راگەیەندراوەكە زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە دوای وەرگرتنی گوتەكانیان، دەستگیركراوەكان بە ئامانجی تەواوكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی كراون.