Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی- AA
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، فازل میرانی و ئەندامێتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دوای گەیشتنیان بە شاری سلێمانی، سەرەتا سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لەگەڵ شاندی گفتوگۆكانی ئەو حزبە بە سەرۆكایەتی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەلا بەختیار و ئەندامانی شاندی گفتوگۆی یەكێتی كە لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكە پێكهاتوون دەستیان بە كۆبوونەوە كرد.
دوای تەواوبوونی ئەم كۆبوونەوەیەش، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن و لەگەڵ شاندی تایبەتی گفتوگۆكانی ئەو حزبەش كۆدەبنەوە كە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ شاندەكەی پارتی پێكهێنراوە .
دواتریش بۆ هەمان مەبەست، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان دەكەن و لەگەڵ رابەری گشتی و بەرپرسانی ئەو حزبەش كۆدەبنەوە.
سەردانی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان، لەلایەن چین و توێژە جیاجیاكانەوە بە گەشبینیەوە سەیر دەكرێت بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییە سیاسییەكان و قەیرانی سیاسی هەرێم كە لە دوای راگرتنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەهۆی ناكۆكییەكانی هەردوولاوە سەری هەڵدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لە رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٦ ، پەیامێکی نوێی ئاراستەی ھەموو لایەنەکان کرد لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی دۆخی ھەرێمی کوردستان، بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا رایگەیاند: "چارەسەری قەیرانی سیاسیی ھەرێم بەم شێوەیە دەکرێت کە حزبەکان بکەونە گفتوگۆ و پەرلەمان کارابکرێتەوە و سەرۆکایەتییەکی تازە بۆ پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، ھەروەھا حزبەکان لەسەر ئەوە رێکبکەون حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێکیش بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەتا کاتی ھەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت، بۆ ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتیی ھەرێم بگرێتە ئەستۆ".
ئەو پەیامەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە پێشوازی كرا و پارتی دیموكراتی كوردستانیش شاندێكی بۆ سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان و گفتوگۆكردن لەسەر پەیامەكەی بارزانی و جێبەجێكردنی پێكهێنا، پێشتر ئەو شاندە لە شاری هەولێر سەردانی بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانی كرد و ئەمڕۆش لە سلێمانی لەگەڵ ئەو سێ لایەنەدا كۆدەبێتەوە.