Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
سەرۆکی فەرمانگەی گشتی داواکاری سلێمانی، بەختیار عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەندامێکی داواکاری گشتی سلێمانی کە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی لێکۆڵینەوەی کردووە، کەسێکی سەربازی بە پلەی لیوا بانگھێشتی لیژنەکە کراوە و پرسیاری ئاراستە کراوە، بەڵام لە لایەن ئەو کەسەوە ھێرشی کردووەتە سەر ئەندامەکەی داواکاری گشتی و برینداری کردووە.
ئەو گوتی: "ئەو لیوایە تاوانی کردووە و پێویست بوو راستەوخۆ دەستگیر بکرێت، بەڵام ئازاد کراوە و ئەو کەسانەی بەریان داوە دوو کەسن پلەی سەربازیان ھەیە و گیراون، ئەو لیوایەش ئەمڕۆ دوای دەرچوونی دەستگیرکردنی خۆی رادەستی پۆلیس کرد و دەستگیر کرا".
سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی، ئاماژەی کرد بەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی پەڕاوی بۆ کراوەتەوە و داوا کراوە لیژنەی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لەسەر ئەو بابەتە پێک بێت.
سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی لە کۆنگرەکەدا نیگەرانی خۆیان نیشان دا لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە بەرامبەر چین و توێژە جیاجیاکان، جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە ئەو رووداوانە نابێتە ھۆی وەستاندنی کارەکانیان و بەردەوام لە جوڵاندنی سکاڵا دژی ئەو کەس و لایەنانەی لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و تاوانەکانی تر تێوەگلاون.