سلێمانی - AA
قوتابیانی ناڕازی داوا دەکەن بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە بە ھەژمارکردنی ٢٠ نمرەی ئەو دوو قۆناغە بۆ قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ھەڵبوەشێنرێتەوەو تاقیکردنەوەکان لەسەر ١٠٠ بێ.
بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەسەر ٨٠ نمرە دەبێ، ئەو ٢٠ نمرەیەی دیکە لە قۆناغەکانی ١٠ و ١١ دەبێ و دواتر لەگەڵ ٨٠ نمرەکەدا کۆدەکرێتەوە.
ئاسۆ عەلی یەکێ لە خۆپیشاندەران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ وەک نوێنەری قوتابیانی ئامادەییەکانی شاری سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردە کۆبوینەتەوە، داواکارییەکمان ھەیە کە ئەو ٢٠ نمرەیەی ھەیە بۆ قۆناغی ١٢ ھەژمار نەکرێ و ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە ھەڵوەشێنرێتەوە. خوێندنگەکان جیاوازییان ھەیە لەتاقیکردنەوەکاندا بەجۆرێک ھەندێک خوێندنگە تاقیکردنەوەکانییان زۆر قورسەو بەشێکی دیکە بەپێچەوانەوە، ئەوەش زیان لە قوتابیان دەدا و نا عەدالەتی دروست دەبێ لە بەدەست ھێنانی ئەو نمرانەدا."
قتابیانی ناڕازی هەڕەشەیان کرد ئەگەر وەزارەتی پەروەردە وەڵامیان نەداوەتەوە، ڕێگەی دیکە هەیە کە بیگرنە بەرو پەنا بۆ دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق دەبەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی خۆرئاوای سلێمانیکەمال نوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بڕیارە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرکراوەو ساڵانی ڕابردوویش چەند جارێکی دیکە خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دژی بڕیارەکە دەربڕیوەو ھاتونەتە بەردەم پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەیش ساڵانی ڕابردوو چەند جارێک بڕیارەکەی ھەڵپەساردووەو کاری پێ نەکردووە، بەڵام لە ساڵی پارەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو تائەم ساتە بەھیچ شێوەیەک پاشگەزبونەوەی تێدا نییە."