ئەنقەرە
لە دانیشتنی دادگا لە بارەی دوسێی مردنی ھەشتەمین سەرکۆماری تورکیا تورگوت ئۆزاڵ، کوڕی ئۆزاڵ ئەحمەد ئۆزاڵ گوتی:"لە ساڵی ١٩٩٣ەوە تا ئەمڕۆ لە بارەی مردنی باوکمەوە شتی زۆر و جیاواز گوتران. لەو کاتەوە چەندین پرۆژەی جیاجیام بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو کردەوانە بە تایبەتی لە سەر مردنی باوکم پێشکەشی پەرلەمان کرد، بۆیە ئەمڕۆ دەمەوێ وەکو داواکار بەشداریی لە دانیشتنەکانی دادگا لە بارەی دوسێکانی ئەو سەردەمە بکەم."
ئەحمەد ئۆزاڵ هەروەها گوتی: "نەبوونی ئەمبۆلانس لە کۆشکی سەرکۆماری لەو رۆژەی باوکم نەخۆش کەوت، گۆڕینی رێ بردنی باوکم، لە جیاتی ئەوەی بیبەن بۆ گاتا بردیان بۆ نەخۆشخانەی حاجی تەپە، ئەمانە ھەموویان سەرسوڕھێنەرن. بەڵام لە لایەن کۆمەڵگەوە ھەستیان پێکراوە، ئەوەی گرنگ و سەرنجڕاکێشە ئەوەیە تا ئێستا راپۆرتی پزیشکی دادوەریی لەبارەی ھۆی مردنی باوکمەوە، لە لایەن داواکاری گشتییەوە ئاشکرا نەکراوە."
ئۆزاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی مردنی باوکی لە دەرەوەی وڵات بووە و پێیان راگەیاندووە کە باوکت کەوتووتە خوارەوە و کۆچی دوایی کردووە.
دادوەر لە درێژەی دانیشتنی دادگا بە ھۆی نالەباری تەندروستی تۆمەتباری ئەو دوسێیە لەڤەنت ئەرسۆز رایگەیاند: ئەرسۆز ناتوانێ راستەوخۆ بەشداریی لە دانیشتنی دادگا بکا، بۆیە لە رێی سیستمی دەنگ و رەنگەوە بەشداریی لە دانیشتنی دادگا دەکا.
بۆیە دادوەر بڕیاری ئەوەی دا ئەگەر کاربەدەستان لە بارەی تەندروستیی ئەرسۆزەوە دادگا ئاگادار نەکەنەوە، ئەوا داواکاری گشتی لە بەرامبەر بەرپرسەکاندا سکاڵا تۆمار دەکا.
لەلایەکی دیکەوە دادگا بڕیاردا دوای وەرگرتنی ئیفادەکانی ئەسۆز داوای بەشداریکردنی سەمرا ئۆزاڵ و ئەحمەد ئۆزاڵ بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی دادگادا ھەڵبسەنگێنێ.