Sarmand Hameed
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف کۆبووەوە.
بەگوێری ھەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی پێکھاتەکان بەتایبەتی پێکھاتەی تورکمان تاوتوێ کراوە و تیشک خراوەتە سەر ھاوبەشی و رۆڵ و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن و کایەکانی دیکەی ژیاندا لە ھەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە تورکمان پێکھاتەیەکی رەسەنی کۆمەڵگەی کوردستانن و رۆڵی دیار و بەرچاویان لە بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی ھەموو کایەکانی ژیاندا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئایدن مەعروف پوختەیەکی دەربارەی دۆخی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان و کاروبار و پێداویستییەکانیان خستووەتە روو، ھەروەھا ئاماژەی بە خوێندنی تورکمانی و سریانی و چالاکییە کولتووری و رۆشنبیرییەکان کردووە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی لە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستن و قووڵکردنەوەی کولتووری دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی لەنێوان ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا لە ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە شێوەیەک کە تورکمان، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، ئەرمەن، شەبەک، عەرەب و کورد ھەموو پێکەوە یەکسان بن و دووپاتی کردووەتەوە کە وەک ھەمیشە ھەرێمی کوردستان بە نیشتمان و لانکەی ئارامی ھەمووان دەمێنێتەوە.