Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2018
سلێمانی ـ AA
کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی بەکۆتاييھات.
دوای کۆبوونەوەکە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی و گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، شۆڕش حاجی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەی نێوان ھەردوولا سێ خاڵی سەرەکی گفتوگۆی لەسەر کراوە؛ "پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کارکردنی کورد لە بەغدا بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ".
شۆڕش حاجی گوتی: "ئێمە وەک بزووتنەوەی گۆڕان راشکاوانە رای خۆمان بە پارتی دیموکراتی کوردستان گوت کە کۆمەڵێک ھۆکار ھەن وایانکردووە کەشوھەوای ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان تەندروست نەبێت، خەڵک نیگەرانە و باری گوزەرانی ژیانی خەڵکی خراپە. خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار وێڕای ئەو ھەموو ساختەکاری و تەزویرە، بەڵام رێژەی بەشداریکردنی خەڵکی ھەرێم بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو رێژەکی زۆر کەمتر بوو، دوور نییە لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەم مانگە ئەگەر لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، رێژەی بەشداریکردنی خەڵک کەمتریش بێت لەوەی ١٢ی ئایار، ھەروەھا ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەشمان کردووە کە بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە ھەمانە، تۆماری دەنگدەران تاوەکو ئێستاش پاک نەکراوەتەوە بەو شێوازەی کە بتوانین ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە ھەرێم ئەنجام بدەین".
شۆڕش حاجی گوتی: "ھەڵبژاردن دەبێیت ببێتە مایەی تەبایی و یەکڕیزی و سەقامگیری لە ھەرێمی کورستان، ئێمە پێمان باش نییە ھەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێت کە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی خەڵکی ھەرێمی کوردستان خراپتر بکات و سەقامگیری لە کوردستان بخاتە ژێر ھەڕەشە و مەترسییەوە، پێویستە تۆماری دەنگدران پاک بکرێتەوە".
ئەو ئاماژەی کرد بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و ئەندامانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو پرسە راشکاوانە ھەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە.
لە لای خۆیەوە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێم کاریگەری ھەیە و گفتوگۆی ورد کراوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد گوتیشی: "لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر خاڵی زۆر گەورە و بەرژەوەندی نیشتمانی زۆر جیاوازییان نییە و ئەوەی ھەیە لەسەر چۆنێتی سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستان جیاوازییان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان زیاتر بکەن و لیژنەی ھاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکدەھێنن".
مەحمود محەمەد هەروەها گوتی: "لە بارەی پڕۆسەی سیاسی عێراقەوە، ئێستا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە وەفدێکی ھاوبەش لە بەغداین و بە پڕۆژەیەکی ھاوبەشەوە، تا ئێستا لەگەڵ ھیچ یەک لەو دوو بەرەیەی راگەیەندراوە ساخ نەبووینەتەوە، چونکە ئێمە پڕۆژەی خۆمان ھەیە لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دەبێت ھەموومان پێکەوە بەشداری بکەین و قورسایی زیاتر بداتە ھەرێم و ھێز ھەبێت تا بەرگەی ئەو تەحدیانە بگرین کە لەمەولا رووبەڕوومان دەبێتەوە".
گوتەبێژەکەی پارتی لە بارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاماژەی کرد بەوەی حزبەکەی لە پێشتردا لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان نەبووە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، بەڵام لەسەر داوای چەند لایەنێک بڕیاری دواخستنیان داوە و گوتی: "دیاریکردنی ئەم وادەیەی ئێستا بەپرس و رای لایەنەکان بووە، پێمان وایە ئەم وادەیەی ئێستا لەبارە بۆ ھەڵبژاردن کە گرفتی تەکنیکیمان نییە و کۆمیسیۆن رایگەیاندووە کە ھەموو رێکارە یاسایی و ھونەرییەکانیان ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بەوەیە پەرلەمانێکی نوێ و حکوومەتێکی نوێ پێکبێت تاوەکو لە رووی شەرعی و متمانەی خەڵک و کاری تازە و پێکەوەیی لایەنەکانەوە پشتیوانییەکی زیاتری ھەبێت، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەش تەفەھومی دیدو بۆچوونەکانی گۆڕان دەکەین و بڕیارمانداوە پەیوەندیمان زیاتر بێت و یەکتر زیاتر ببینین و کۆبوونەوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بێت".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی کرد بەوەی تا ئێستا نیگەرانییەکانیان لە ساختەکارییەکانی ھەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق نەڕەویوەتەوە و پێیان وایە تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە پاک نەکراوەتەوە لە رۆژانی ئایندەش جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە و دوای خستنەڕووی ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیە بڕیار دەدات لەسەر بەشداریکردنی ھەڵبژاردن یان ھەر بڕیارێکی تر".
لە لای خۆیەوە گوتەبێژی پارتی گوتی: "ھەموو رێکارەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنمان ئەنجامداوە".
مەحمود محەمەد ئەوەشی گوت "لە بەغدا کام لایەن لە پڕۆژەکەی ئێمەوە نزیک بێت و بتوانین دڵنیایی دروست بکەین کە ئەو لە پڕۆژەکەی ئێمە نزیکە، لەگەڵ ئەو لایەنە رێک دەکەوین بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ ھیچ لایەک پێکنەھاتووین".