Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆنوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، برێت مەكگۆرگ بەسەردانێک گەیشتە شاری سلێمانی، ئامانجی سەردانەكەی مەکگۆرگ بۆ سلێمانی كۆبوونەوە و گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەشێک لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، لە ئێستادا مەكگۆرك لە گردی دەباشان لە ماڵی سكرتێری پێشووی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و سەركۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانییە و لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی خانەوادەی تاڵەبانی لە كۆبوونەوەدایە بۆ قسەكردن لەسەر هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە رۆژی ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، هاوکات پرسی بەشداری كورد لە حكوومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریكا و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش، مەكگۆرگ سەردانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی یەكەمی لایەنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ناڕەزایەتییەكانی ئەو لایەنانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گوشاركردن بۆ بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا.
سەردانی مەکگۆرگ بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە دوای ئەوە دێت، کە هەریەک بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە ئەگەر وەڵامی سكاڵا و داواكارییەكانیان لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیکە لە بارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەكەوە نەدرێتەوە، ئەوا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكەن.