Zana Natık Kerem
13 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2018
بەغدا ــ AA
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، برێت مەکگۆرک لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەلیم جبوری کۆبوویەوە و رایگەیاند کە پێویستە حکوومەتێک لە عێراق پێکبھێنرێت کە توانای ھەبێت بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرێت.
بە پێی بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، برێت مەکگۆرک لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری کۆبوویەوە.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانە پێویستییەکانی قۆناغی داھاتوو بە تایبەتیش دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ گرنگی ھاوکاری و ھاھەنگی نێوان پارت و قەوارە سیاسییەکان لە پێناو پێکھێنانی حکوومەتێک کە توانای ھەبێت بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە گەل لە ئەستۆ بگرێت و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەن، ھەروەھا رەوشی بژێوی ژیانیان باش بکات، ھەڵەکانی پێشوو چارەسەر بکات و کار بۆ گەشەپێدانی ئابووری وڵات بکات.
ھەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، برێت مەکگۆرک کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەسەردانێکی پێشتر رانەگەیەنراو گەیشتووەتە بەغدا رایگەیاندووە "ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی لە ھاوکاریکردنی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت و بە ھاوبەشی کار بکەن لە پێناو ھێورکردنەوە و سەقامگیری رەوشەکە و بەدیھێنانی بەرژەوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
ئەم سەردانەی برێت مەکگۆرک دوای رۆژێک لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دێت کە دوێنێ شەممە بەڕێوەچوو.