Rewa Mahmood Hasan
26 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2019
هەولێر – AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی کۆبوونەوە و رێکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان، سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ هەریەک لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە.
شاندەکەی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە جێگرانی سەرۆکی هەرێم، جەعفەر مستەفا و مستەفا سەید قادر.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا، جگە لە تاوتوێکردنی پرسەکانی دەستووری هەرێم و دوایی دۆخی عێراق، هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەش لە پەرلەمانی عێراق باسی لێوە بکرێت، هەروەها دوایین گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی لەسەر بەشە بوودجەی هەرێم کە دوێنێ لە بەغدا رێککەوتنی بەرایی لەبارەوە کرا، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی نێوان سەرۆکی هەرێم و ئەم دوو لایەنە سیاسییە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی یەکەمجار سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی گۆڕان لە ماڵی جێگری یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوە.