Heman Hussein Yaseen
01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور و کار و چالاکییەکانی رابردووی ھێزی زەیتوون و رێکخراوی کۆیکای لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە ھەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و، ھەموو پشتگیری و ئاسانکارییەکی بۆ کار و وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کۆریای باشوور لە عێراق جانگ کیۆنگ وۆک، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە، هەروەها بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی کۆریای باشوور و پازدە ساڵەی ھاتنی تیپی زەیتوونەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، سوپاس و پیرۆزبایی پێشکەش بە حکوومەتی کۆریای باشوور کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا کە کۆنسولی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان ئامادەیبوو، ھەردوولا خواستی خۆیان بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوانیان نیشان دا و، قۆناغە سەختەکانی ساڵانی رابردووی ھەرێمی کوردستان، شەڕی داعش، دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.