ھەولێر
سەفین دزەیی) گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا گوتی " ئێمە بە ھەموو جۆرێک پاڵپشتی درێژکردنەوەی ماوەی پرۆسەی ئاشتی لە) تورکیا دەکەین و ئامادەی ھەموو جۆرە یارمەتییەکین".
دزەیی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر گوتەکەی (جەمیل بایک) ھاوسەرۆکی گشتییی (کەجەکە) کە گوتبووی "ئەگەر حکومەتی تورکیا ھەنگاوی زیاتر نەنێ لە ١ی ئەیلول پڕۆسەکە رادەگرین"، دزەیی بەمشێوەیە ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو گوتەیە کرد "ئێمە ھیوادارین پارتی کرێکارانی کوردستان بەتوندی ھەڵسوکەوت نەکات. (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان چۆن لە سەرەتاوە پشتگیریی پڕۆسەی ئاشتییان کرد، ئێستاش ھاوڕان لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی پڕۆسەکە.
دزەیی ئاماژەی بە رۆڵی حکومەتی ھەرێم کرد و گوتی "ئێمە رۆڵێکی بەرچاومان ھەبوو لە پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا. ھیوادارین ئەو بڕیارە تاکلایەنەی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بڕیارێکی ساتی بێ و پڕۆسەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بێ.
ھیوادارین پارتی کرێکارانی کوردستان ھیچ کاردانەوەیەکی توندیان نەبێ. لەھەمان کاتدا تەمەننای ھەنگاوی باش لەلایەن تورکیاوە دەکەین.
ھەروەھا دزەیی جەختی لەسەر ئامادەیی حکومەتی ھەرێم کرد و گوتی"حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەی ھەموو یارمەتی و پاڵپشتییەکە لەمەڕ بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی. بێگومان دوا بڕیاریش لای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئێمە ھیچ کات پشتگیری لە شەڕ و پیِکدادان ناکەین. با پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام بێ "