واشنتۆن
دوای ئەوەی وەکو راوێژکاری کۆشکی سپی دەست بەکاربوو، سوسان رایس بۆ جاری یەکەم لە دامەزراوەی New American Foundation لەبارەی ئەگەری دەستێوەردانی سنوورداری ئەمریکا بۆ سەر سوریا قسەیکرد.
رایس ئاماژەی بە گوتارەکەی ئەمڕۆی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەستێوەردانی سوریا کرد، ئەو ھۆکارانەشی خستەڕوو کە بۆچی بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن رژێمی سوریا، مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
ھەروەھا گووتی:" گومان لەوەدا نیە کە ھێرشی کیمیاوی ئەنجامدراوە. رژێمی سوریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین چەکی کیمیاوی ھەیە لە جیھان".
رایس، لە درێژەی قسەکانیدا باسی مەترسی دووبارە بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن ئەسەد دەکات، کە چۆن ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا:" ئەگەر وەڵامی رژێم نەدرێتەوە، سەرۆکی سوریا بەرەدوام لەسەر دووبارەکردنەوەی ئەو تاوانە. ئەمەش قەیرانەکە بەرەو ئاراستەیەکی تر دەبات. لەھەمان کات چەکی کیمیاوی ھەڕەشەیە بۆ سەر ھاوپەیمانەکانمان لەناوچەکە".
سوسان رایس داوا لە ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی خۆی بە زووترین کات بکەوێتە جوڵە.
ئەو راوێژکارە ئەمریکیە رەخنە لە ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەگرێت:" ھەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، بەھۆی ھەڵوێستی (رووسیا و چین) مایەپووچ بوو. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ھۆکارانە، باڕاک ئۆباما بڕیاری دەستێوەردانی سنوورداری داوە، ئامانجەکەشی بە راشکاوانە خستۆتەڕوو".
رایس لە کۆتایی قسەکانیدا داوا لە ھاووڵاتیانی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس دەکات، تا سەیری دیمەنی ھێرشی چەکی کیمیاوی بکەن و دەڵێت:" پێموایە وەکو سەرۆک باڕاک ئۆباما دەگەنە ئەو باوەڕەی کە نابێ لە سەدەی ٢١ کارەساتێکی لەم جۆرە قەبوڵ بکەن. بۆ ئەوەی جارێکی تر کارەساتی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە، ئەمریکا ناچارە بە ئاگایی و بەرپرسیاریەتی ھەڵسوکەوت بکات".