ھەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە زەنگی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠١٣ - ٢٠١٤ لە ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت و بەرپرسانی تری حکوومی لێدرا.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای پیرۆزباییکردن بەم بۆنەیەوە لە خوێندکارانی کوردستان، گووتی:" لە پڕۆسەی خوێندن قۆناغی باشمان بڕیووە، قۆناغی تریشمان ماوە". ھەروەھا گووتی:" ئەگەر بە بیرمان بێ، لە سەرەتای راپەڕینی پیرۆز مامۆستایان بەبێ مووچە و دەرماڵە وانەیان دەگووتەوە، نەیانھێشت پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان بوەستێ. پێویستە رێز لەو مامۆستایانە بگرین. لەم قۆناغە رێز و خۆشەویستیمان ئاراستەی ئەو ھەموو مامۆستایانە دەکەین، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆش دەرەنجامی ماندووبوونی رۆژانی رابردووی ئەو مامۆستایانە بووە".
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە رەوشی پەروەردە و خوێندن کرد:" ئەگەر بخوازین بەردی بناغەی کوردستان، لەسەر سیستەمێکی تەندروست و پێکەوە ژیان بونیاد بنێین، دەبێت لە پەروەردە دەست پێبکەین".
بارزانی نموونەی وڵاتانی پێشکەوتووی لە بواری پەروەردە ھێنایەوە و لەوبارەیەوە دەڵێ:" لە نزیکەوە چەندین وڵاتم بینیووە، بۆ نموونە کۆریای باشوور، وڵاتێکە زۆر بەدبەختی بینیووە. زۆر ھەژاربوو. لەگەڵ ئەوە لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە، بایەخێکی زۆر تایبەتی بە پەروەردەدا، ئەمڕۆش کۆریا یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیھان. ھیوادارین رۆژێک کوردستانیش بگاتە ئاستی ئەوان".
ھەر بەم بۆنەوەیەوە عیسمەت محەمەد وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گووتی:" پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان لە رووی خوێندن و بینای قوتابخانە ھەنگاوی باشی ناوە، لە ھەولێر قوتابخانەی ٣ دەوامی نەماوە".
وەزیری پەروەردە لە درێژەی قسەکانیدا گووتیشی:" ئەمساڵ بۆ باخچەی ساوایان ١٠٠ قوتابخانە کراوەتەوە".
تا ئێستا وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماری ژمارەی خوێندکارانی بۆ ساڵی ٢٠١٣ - ٢٠١٤ ئاشکرا نەکردووە. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٢، ژمارەی خوێندکاران لە ھەرێمی کوردستان ١ ملیۆن و ٦٤٩ ھەزار و ١٥٦ قوتابی بووە. لەو ژمارەیە رێژەی خوێندکاری نێر ٥٣% بووە و ٤٧% مێ بووە.
ھەروەھا بە گوێرەی ھەمان ئاماری ساڵی ٢٠١٢، ژمارەی مامۆستایان ١١٣ ھەزار و ٥٤٤ مامۆستا بووە، لەو ژمارەیەش رێژەی مامۆستایانی نێر٤٣% و مێ٥٧% بووە.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی ٢٠١٢ رێژەی نەخوێندەواری بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، رێژەکە بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو لە ١٦% دابەزیووە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەھەوڵی دابەزاندنی ئەو رێژەیە دایە.